Mehmet Nuri Uçar
24 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2020
ئەنقەرە - AA
فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل، زنجیرەیەك هێرشیان كردە سەر ژمارەیەك خاڵی بزووتنەوەی حەماس لە باشووری كەرتی غەززە.
لەو بارەیەوە سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە هێرشی ئاسمانیی کراوەتە سەر تونێلێک و ژمارەیەک خاڵی سەربازیی بزووتنەوەی حەماس لە باشووری کەرتی غەززە.
باس لەوە کرا کە ئەو هێرشانە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە ئاراستەکردنی بالونی سووتێنەر لە کەرتی غەززەوە بۆسەر ئیسرائیل، ئەنجامدراوە.
بەپێی ئەو زانیاریەی لە سەرچاوەکانی فەڵەستینەوە دەستکەوتووە، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیی کردووەتە سەر چەند خاڵێکی چاودێری و سەربازیی سەربە لیواکانی عیزەددین قەسام، باڵی سەربازیی حەماس لە شاری خان یونس باشووری کەرتی غەززە.
ئاماژە بەوەیش کرا کە لەو هێرشانەدا، هیچ زیانێکی گیانیی نەکەوتووەتەوە.
حکوومەتی تەل ئەبیب، ئاراستەکردنی بالونی سووتێنەر لە کەرتی غەززەوە بۆ ناوچەکانی جوولەکەنشین نزیک سنوور لەگەڵ کەرتی غەززە وەک بیانوو دەخاتەڕوو بۆ ئەنجامدانی هێرشەکان.
سوپای ئیسرائیل کە دەستەوسانە بەرامبەر ئەو بالونە سووتێنەرانەی لە کەرتی غەززەوە ئاراستەی دەکرێن، ناو بە ناو هێرش دەکاتە سەر ناوچە جیاجیاکانی کەرتی غەززە.