07 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 07 ئەیلوول 2019
غەززە ــ AA
سوپای ئیسرائیل، دوو خاڵی لایەنە فەڵەستینییەکانی لە باكوور و رۆژهەڵاتی غەززە بۆردوومان كرد.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە ئاژانسی ئانادۆڵو لە شایەتحاڵەكانەوە دەستیكەوتوون، دوو خاڵی لایەنە فەڵەستینییەکان لە شارۆچكەی بەیت لاهیا باكووری كەرتی غەززە و لە دەورووبەری گەڕەكی شوجاعییە رۆژهەڵاتی شاری غەززە، لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیلەوە بۆردوومان كراون.
شایەتحاڵەكان رایانگەیاند لایەنە فەڵەستینییەکان ئەو دوو خاڵەیان بۆ چاودێرییكردنی جموجۆڵەكانی سوپای ئیسرائیل لە ناوچە سنوورییهكان بەكاریان دەهێنا.
هاوكات سوپای ئیسرائیل لە راگەیەنراوێكدا پشتڕاستیكردەوە، فڕۆكە جەنگییەكانیان لە زنجیرەیەك هێرشدا، چەند ئامانجێكی سەربازیی بزووتنەوەی حەماسیان لە باكووری كەرتی غەززە کردووەتە ئامانج، ئەوەش وەك وەڵامێك بۆ ئەو مووشەكانەی كە دوێنێ لە كەرتی غەززەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل كرابوون.
دوێنێ سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، پێنج مووشەك لە كەرتی غەززەوە ئاڕاستەی ئیسرائیل كراون.
هاوكات میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویانكردبوویەوە، یەكێك لە مووشەكەكان لە ناوچەی سدیروت له باشووری ئیسرائیل كەوتووەخوارەوە.