Muhammet Ali Kemal
20 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2016
راگەیەنرا كە ژمارەی كوژراوەكانی هێرشەكەی سەر زانكۆی پاشا خان لەشاری چارسادای پارێزگای خەیبەرپاكتونخوای باكووری خۆرئاوای پاكستان، كە لەلایەن گرووپێكی چەكدارەوە ئەنجام درا، بۆ ٢٥ كەس بەرزبووەتەوە و ئەگەری بەرزبوونەوەی زیاتری ئەو ژمارەیەش هەیە.
بەرپرسان ئاماژەیان بەوەكردووە كە هێرشەكە كاتێك روویداوە كە چەكدارەكان لەسەر دیواری كەمپی زانكۆكەوە چوونەتە ژوورەوە و تەقەیان لە خوێندكاران و مامۆستایانی زانكۆكە كردووە.
سەرچاوە ئەمنییەكان ئاماژە بەوە دةكةن كە هەموو خوێندكارانی نێو بەشە ناوخۆییەكانی كەمپەكە براونەتە دەرەوە بەڵام پێدەچێت چەكدارەكان لە ژمارەیەك شوێنی نێو كەمپەكەدا خۆیان حەشاردابێت.
گوتەبێژی حكوومەتی خۆجێیی پارێزگای خەیبەرپاكتونخوای شەوكەت یوسفزای لە روونكردنەوەیەكدا ئاماژەی بەوە كرد كە ئۆپەراسیۆنەكە كۆتایی هاتووە و ژمارەی كوژراوەكان لەنێوان ٢٥ بۆ ٣٠ كەسدایە.
شەوكەت یوسفزای باسی لەوە كرد كە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی كوژراوەكان هەیە و ژمارەی بریندارەكانیش لەسەرووی ٦٠ كەسەوەیە.