17 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2020
ئیدلب - AA
رژێمی بەشار ئەسەد و ئەو گرووپە تیرۆریستانەی ئێران پشتیوانییان دەکات دەستیان کرد بە ئۆپەراسیۆنی وشکانی بۆ سەر گوندەواری خۆرئاوا و باشووری حەلەب کە دەکەوێتە سنووری ناوچەی کەمکردنەوەی گرژیی ئیدلب.
ھێزەکانی رژێم کە لە سوپاکەی ئەسەد و ئەو گرووپە تیرۆریستانەی ئێران پشتیوانییان دەکات پێکھاتوون، بە چڕی ناوچەکانی نیشتەجێبوونی مەدەنی لە خۆرئاوا و باشووری حەلەب و ھێڵی پێشەوەی ئۆپۆزسیۆن بۆردوومان دەکەن.
ئەو گرووپە تیرۆریستیانە ھەفتەی رابردوو لە پارێزگاکانی حەلەب، حەما و لازقیەوە روویان لە گووندەواری خۆرئاوا و باشووری پارێزگای حەلەب کرد و حەشارگەیان لێدا و ئامادەکاریان بۆ ھێرش تەواوکرد.
ھێزە سەربازییەکان کە لە ھێزەکانی غەیز-ی سەربە سوپای پاسداران، لیوای قودس، لیوای ١٠٤ و فیرقەی چوارەم پێکھاتوون، ژمارەیەکی زۆر تانک و زرێپۆشیان رەوانەی ناوچەکە کرد.
ھاوکات فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بەشداریان لەو ھێرشانەدا کرد کە دوێنێ کرانە سەر گووندەواری حەلەب.
فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا، دوێنێ و ئەمڕۆ بەشداریان کرد لەو ھێرشە ئاسمانییانەی کرانە سەر شارۆچکەی مەعرەت نوعمان.
- کۆچ بەرەو سنووری تورکیا دەستیپێکردووە
ژمارەیەکی زۆر ھاووڵاتی مەدەنی لەو ناوجانەی ھێرشیان دەکرێتە سەر بەرەو ناوچەکانی نزیک سنووری تورکیا کۆچ دەکەن.
لە شارۆچکەی عانادان (تەل تامورا) لە گووندەواری خۆرئاوای حەلەب، چوارەمین خاڵی چاودێری سوپای تورکیا ھەیە.
لەو ناوچەیەی دەکرێتە ئامانج رێگای ئۆتۆبانی ستراتیجی M٥ ھەیە کە حەلەب و لازقیە بەیەکەوە دەبەستێتەوە و، حەلەب، حەما و حومس لە رێگەی دیمەشقەوە بە ئوردنەوە دھبەستێتەوە.
- پابەندی رێککەوتنەکانی ئاستانا و لێکتێگەیشتنەکانی سۆچی نەبوون
پارێزگای ئیدلب باکووری خۆرئاوای سووریا لە سەرەتای جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتەوە بە قەڵای ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دادەنرێت. ناوەندی پارێزگاکە بەھۆی کۆچی ناوخۆی وڵاتەوە، ژمارەی دانیشتوانی گەیشتووەتە چوار ملیۆن کەس و لە ئاداری ٢٠١٥دا کەوتووەتە دەست ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن. لەبەرئەوە ئیدلب یەکێکە لەو شوێنانەی کە رژێم بەچڕترین شێوە لە ھێرشەکانیدا بە ئامانجی دەگرێت.
تورکیا، رووسیا و ئێران رۆژانی چوار و پێنجی ئایاری ٢٠١٧ لە میانی کۆبوونەوەکانی ئاستانادا چوار ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییان راگەیاند، بەتایبەتی ئیدلب و ھەندێک ناوچەی دەورووبەری (پارێزگاکانی لازقییە، حەما و حەلەب)، باکووری پارێزگای حومس، خۆرھەڵاتی غوتە لە دیمەشقی پایتەخت و ناوچەکانی باشووری ئەو وڵاتە (پارێزگاکانی دەرعا و قونەیترە).
بەڵام رژێم و تیرۆریستان کە ئێران پشتیوانییان دەکات بە پاڵپشتی ھێزی ئاسمانیی رووسیا، جگە لە ئیدلب ئەو چوار ناوچەیەی ئاگربەستیان تیایدا راگەیەندرابوو کۆنترۆڵکرد و بەھۆیەوە سەدان ھەزار کەس ئاوارەبوون و روویان لە ناوچەکانی نزیک سنووری تورکیا کرد.
دوای رێککەوتنی سۆچی نێوان رووسیا و تورکیا لە ١٧ی ئەیلوولی ٢٠١٨دا بۆردومانەکان بەردەوام بوون. تەنھا لە سەرەتای ٢٠١٩ەوە تا ئێستا لانی کەم یەک ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار کەس ئاوارەی ناوچە سنورییەکانی نێوان سووریا- تورکیا بوون و زیاتر لە ھەزار و ٦٠٠ مەدەنیش کوژراون.