Hakan Çopur,Muhammet Ali Kemal
23 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2019
واشنتۆن - AA
لە کاتێکدا مشتومڕەکان سەبارەت بە پڕۆسەی کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە سووریا درێژەیان هەیە، بانگەشەی ئەوە دەکرێت ئیدارەی واشنتۆن نزیکەی ٢٠٠ سەرباز لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا و ٢٠٠ی دیکەش لە ناوچەی تنف لە باشووری خۆرهەڵاتی ئەو وڵاتە، کە سەرجەمیان دەکاتە ٤٠٠ سەرباز بۆ ماوەیەکی دیکە لە سووریا دەهێڵێتەوە.
لە هەواڵێکدا کە لە رۆژنامەی واشنتۆن پۆستدا بڵاوکراوەتەوە و تێیدا پشت بە زانیارییەکانی کاربەدەستێکی باڵا بەستراوە کە نەیویستووە ناوی ئاشکرابکرێت، ئاماژە بەوەکراوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پلانی هەیە دوای پڕۆسەی کشاندنەوەی سەربازەکانی لە سووریا، نزیکەی ٤٠٠ سەرباز لەو وڵاتە بهێڵێتەوە.
ئەم بانگەشەیە کە دوای روونکردنەوەکەی گوتەبێژی کۆشکی سپی، سارا ساندەرز کە دوێنێ رایگەیاندبوو "نزیکەی ٢٠٠ سەربازمان لە سووریا دەمێننەوە" بووەتە هۆی ئەوەی ستراتیژی کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە سووریا لەلایەن ئیدارەی واشنتۆنەوە، وەک "ناڕوون" لێکبدرێتەوە.
لەدوای روونکردنەوەکەی سارا ساندەرز هێشتا کۆشکی سپی سەبارەت بە دەنگۆی مانەوەی "٤٠٠ سەرباز"ەکە هیچ راگەیەنراوێکی فەرمی بڵاونەکردووەتەوە.
لە هەواڵەکەی رۆژنامەی واشنتۆن پۆستدا باس لەوەشکراوە نیوەی ئەو ٤٠٠ سەربازە، لە باکووری خۆرهەڵاتی سووریا و لەچوارچێوەی ئەرکی "پاراستنی ئاشتی"دا و نیوەکەی دیکەیان لە بنکەی سەربازیی تنف لە باشووری خۆرهەڵاتی سووریا دەمێننەوە.
سارا ساندەرز لە لێدوانێكدا بۆ کەناڵی فۆکس نیوز، وەڵامی روونی پرسیارەکانی سەبارەت بەو بابەتە نەدایەوە و رایگەیاند: "لە پەیوەندیی زۆر نزیکداین لەگەڵ هاوپەیمانانماندا و درێژە بەمە دەدەین. لە کۆتاییدا سەرۆک ترەمپ خوازیارە یەکە سەربازییەکانمان بگەڕێنەوە وڵات و لەوبارەیەوە کاردەکات".