Mehmet Şah Yılmaz
04 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 04 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە - AA
وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ئیماراتییەکەی، عەبدوڵڵا بن زاید ئال نهەیان ئەنجامدا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، دوێنێ سێشەممە، چاوشئۆغڵو و بن زاید، دەربارەی دوایین بەرەوپێشچوونەکانی ئەفغانستان و هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
هەردوو وەزیر، هەروەها نیگەرانی خۆیان لە بەرامبەر بڕیارەکەی تاڵیبان بۆ قەدەغە کردنی خوێندنی کچان و پەراوێزخستنی رەگەزی مێ لەسەر ئاستی رێکخراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان، خستووەتەڕوو.
لای خۆشییەوە چاوشئۆغڵو، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە تورکیا چاوەڕێ دەکات، تاڵیبان لەم بڕیارەی بکشێتەوە و جەختیشی لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەت هەوڵەکانی رێکخراوی هاریکاری ئیسلامی لەو بوارەدا کردووەتەوە.
بەهەمان شێوەش بن زاید، ئەوەی خستوەتەڕوو کە بڕیاری قەدەغە کردنی خوێندنی قۆناغی ناوەندی بۆ کچان، پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤە.
وەزیری دەرەوەی ئیمارات، جەختی لەوەش کردووەتەوە کە ئاینی ئیسلام، گرنگییەکی زۆری بە ئافرەت داوە، ماف و پێگەیەکی جیاوازی پێبەخشیوە، ئاماژەشی بە گرنگی پاراستنی مافەکانی رەگەزی مێ و دەستەبەر کردنی یەکسانی بۆ کچان و ژنان لە هەموو بوارەکاندا کردووەتەوە.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا هەردوو وەزیر، ئیدانەی هەڵکوتانە سەر مزگەوتی ئەقسایان لەلایەن وەزیرێکی ئیسرائیلییەوە کردووە، جەختیشیان لە گرنگی پاراستنی شوێنە پیرۆزەکانی قودس و وەستاندنی ئەم جۆرە پێشێلکارییانە کردووەتەوە.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا وەزیرانی دەرەوەی تورکیا و ئیمارات، داوایان لە بەرپرسانی ئیسرائیل کردووە، بەرپرسیارییەتی خۆیان بۆ کەمکردنەوەی ناسەقامگیرییەکانی ناوچەکە، بەجێبهێنن.