Hemın Othman Mohammed,Medina Ensar
30 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2016
وەزیری دەرەوەی سووریا وەلید موعەلیم رایگەیاند "ئەگەر هێزەكانی بیانی دەستێوەردان نەكەن، ئەوا حكوومەتی دیمەشق لەگەڵ چارەسەری سیاسیی دایە".
بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن پەرلەمانی سووریا بڵاوكراوەتەوە، موعەلیم لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ جەزائیر، لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی نەتەوەیی جەزائر و سەرۆكی ئەنجوومەنی میللی نیشتمانی جەزائر كۆبووەتەوە.
لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی گەلی جەزائر عەبدولقادر بن ساڵح، موعەلیم رایگەیاندووە:" حكوومەتی سووریا، وازی لە چارەسەری سیاسیی نەهێناوە، بەڵام پێویستە ئەوە بێ دەستێوەردانی هێزەكانی بیانی و لە چوارچێوەی لایەنەكانی سووریادا جێبەجێ بكرێت".
هاوكات لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی میللی نیشتمانی ئەلعەرەبی وەلەد خەلیفە-دا، موعەلیم باسی لەوە كردووە كە سووریا بەردەوام دەبێت لەسەر بەرگری كردن.
لەبەرامبەردا خەلیفە نیگەرانی زۆری دەربڕیوە بەرامبەر بە دۆخی سووریا و گوتویەتی:"پێویستە هەستیاربین بەرامبەر ئەو پیلانانەی كە سەقامگیری وڵاتانی عەرەب دەكەنە ئامانج، چونكە تیرۆر بووەتە دوژمنی هاوبەشی مرۆڤایەتی".
پەرلەمانی جەزائر لە دوو بەش پێكدێت كە بریتین لە (ئەنجوومەنی نەتەوەیی و ئەنجوومەنی میللی نیشتمانی).
پێشتر سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانی سووریا، لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كردبوو كە موعەلیم لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی جەزائر عەبدولمەلیك سەڵال كۆبووەتەوە و، هەردوولا باسیان لە هەوڵەكانی جەزائر كردووە بۆ چارەسەر كردنی قەیرانی سووریا.
بەمەبەستی تاوتوێكردنی دۆخی وڵاتەكەی، دوێنێ وەزیری دەرەوەی سووریا وەلید موعەلیم، سەردانی جەزائری كردبوو.