Abdullah Shukur
17 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2016
رێبەری کاتۆلیکەکانی جیهان پاپا فرانسیس بەمەبەستی پاڵپشتی لە پەناخوازان سەردانی دوورگەی میدیللی یۆنان کرد و لەگەڵ ١٢ پەناخوازی موسڵمان گەڕایەوە وڵاتەکەی.
پاپا لە ئێوارەی ھەمان رۆژی سەردانەکەی گەیشتە فڕۆکەخانەی سیامپۆنی ئیتاڵیا و ١٢ موسڵمانی پەناخوازی نێو دوورگەی میدیللی لەگەڵ خۆی ھێنایە وڵاتەکەی.
پاپا لەکاتی گەڕانەوەی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا بە چی پێوەرێک ئەم پەناخوازانەی ھەڵبژاردووە؟ پاپا گوتی: "ھیچ جیاوازییەکم لە نێوان موسڵمان و کریستیان نەکردووە ئەم سێ خێزانە ناسنامەی پێویستیان ھەبووە و گونجاو بوون بۆ گەشتکردن. ئیتاڵیا و یۆنان و ڤاتیکان قبوڵی کرد. لە نێو لیستەکە دوو خێزانی کریستیانیش ھەبوون بەڵام ناسنامەکانیان گونجاو نەبوو".
ئەم سێ خێزانە کە لە ١٢ پەناخواز پێکھاتوون، دووانیان لە دیمەشق و یەکێکیشیان لە دێرازۆری ژێر دەستی داعش ھەڵاتوون.