Hakan Çopur
20 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2021
واشنتۆن - AA
سەرۆکی ئەمریکا جۆ بایدن، رایگەیاند بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە جیھان بە قۆناغێکی دژواردا تێپەڕی، بەڵام رۆژە خۆشەکان نزیک بوونەتەوە و پیرۆزبایی جەژنی نەورۆزی کرد.
بایدن، راگەیەندراوێکی لە بارەی جەژنی نەورۆز کە وەکو مژدەبەخشی بەھار قبوڵکراوە بڵاوکردەوە و پیرۆزبایی لە ھەموو کەسێک کرد لە ئێرانەوە بۆ ئاسیای ناوەڕاست، لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەورووپا.
جۆ بایدن، ئاماژەی بەوە کرد کە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە جیھان بە قۆناغێکی دژواردا تێپەڕی و تەنانەت پیرۆزباییەکانیشیان لە رێگەی ئینتەرنێتەوە ئەنجامدەدەن و گوتی، "دەبێت ئەوەمان لە بیرنەچێت لە دوای ئازار و لەدەستچوونەکانمان رۆژانی باشتر لە پێشمانە. دەبێت پێکەوە بۆ ئایندەیەکی ھاوبەشی پڕ لە ئاشتی، خۆشگوزەرانی و لێبوردەیی کاربکەین".
لەلایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئانتۆنی بڵینکن، لە رێگەی راگەیەندراوێکەوە پیرۆزبایی نەورۆزی کرد.