22 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2019
واشنتۆن ــ AA
سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆكوەزیرانی ژاپۆن، شینزۆ ئابێ لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنییدا گفتوگۆیان كرد سەبارەت بە كۆریای باكوور و ئێران.
كۆشكی سپی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و تیایدا ئاماژەی بەوەكردووە كە دۆناڵد ترەمپ و شینزۆ ئابێ پەیوەندییەكی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، دۆناڵد ترەمپ و شینزۆ ئابێ پەیوەندییە بازرگانییەكانی نێوان ئەمریكا و ژاپۆن-یان تاوتوێكردووە، هەروەها گفتوگۆیان كردووە سەبارەت دۆسییەكانی ئێران و كۆریای باكوور.
لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو كە هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا، سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ و سەرۆكوەزیرانی ژاپۆن، شینزۆ ئابێ رێككەوتوون لەسەر پتەوترکردنی هاوكارییەكانی نێوان هەردووڵات، بەتایبەتیش دوای هەڕەشەكانی ئەم دواییەی كۆریای باكوور.
لە هەشتی ئەم مانگەدا كۆریای باكوور رایگەیاندبوو کە مانۆرێكی لە ناوچەی سوهی باکووری ئەو وڵاتە ئەنجامداوە، بەڵام جۆری ئەو چەكانەی ئاشكرانەكردبوو كە لە مانۆرەكەدا بەكارهێندرابوون.