Muhammet Ali Kemal,Ramal Abdullah Mahmood
12 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 13 ئاب 2017
نیویۆرک - AA
لە میسر لەدوای لەسەرکارلادانی حکوومەت و دەسەڵاتی هەڵبژێردراو لە رێگەی ئەنجامدانی کودەتای سەربازییەوە، ئەو کەسانەی لەبەر بیروباوەڕ و بەمەبەستی پاراستنی گیانیان ناچاربوون وڵاتەکەیان جێبهێڵن، باسی نەهامەتی و گرفتەکان و حەسرەتی دووریی نیشتمانیان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، کرد.
رۆژی ٣ی تەمووزی ٢٠١٣ سەرۆکی ئەرکانی ئەوکاتی سوپای میسر، عەبدولفەتاح سیسی، دەستی بەسەر دەسەڵاتدا گرت و یەکەمین سەرکۆماری هەڵبژێردراوی میسر، محەمەد مورسی، لە کارەکەی دوورخستەوە.
لەبەرامبەر کودەتا سەربازییەکەدا ملیۆنەها خۆپیشاندەر لە هەریەک لە گۆڕەپانەکانی رابیعەی عەدەوی و نەهزە بۆ ماوەی ٤٨ رۆژ گردبوونەوە و چالاکی ئاشتییانەیان ئەنجام دا، بەڵام رۆژی ١٤ی ئاب هێزە ئەمنیی و سەربازییەکان دەستیان لە خۆپێشاندانەکان وەردا و خۆپێشاندەران رووبەڕووی توندوتیژی خوێناوی بوونەوە.
بەپێی ئامارەکانی ئیخوان موسلمین، لەو کۆمەڵکوژییانەدا ٢ هەزار و ٦٠٠ کەس کوژران و ٧ هەزار کەسی دیکە برینداربوون.
لە دەستوەردانە خوێناوییەکەی هێزە ئەمنییەکان لە گردبوونەوەکانی گۆڕەپانی رابیعە، کچە تەمەن ١٧ ساڵانەکەی سەرۆکی پارتی ئازادیی و دادپەروەریی کە باڵی سیاسیی ئیخوانە، دکتۆر محەمەد بەڵتاجی، بەناوی ئەسما لە لایەن قەناس بەدەستەکانەوە کوژرابوو.
لەدوای کۆمەڵکوژییەکەی رابیعەی عەدەوی و فشار و هەڵکوتانەسەرەکانی دواتر، هەزاران هاووڵاتیی میسری کە زۆرینەیان ئەندامی ئیخوانن، ناچاربوون وڵاتەکەیان جێبهێڵن.
فۆتۆگرافەری ئاژانسی ئانادۆڵو، محەمەد شامی، کە خۆیشی بەرەگەز میسرییە، لە پرۆەژەیەکدا کە ماوەی زیاتر لە ساڵێکە، فۆتۆی ئەو میسرییانەی گرتووە کە لە وڵاتە جۆراوجۆرەکان و دوور لە نیشتمان ژیان بەسەردەبەن.
ئەوان کە ژمارەیەکیان، پزیشک، سیاسەتمەدار، رۆژنامەنووس و ئەکادیمیستن، باسی هۆکارەکانی جێهێشتنی وڵات و چاوەڕوانییەکانیان لە ئایندەدا، کرد.
یەکێک لەو کەسانە هاوسەری دکتۆر محەمەد بەڵتاجی، سەنا بەڵتاجییە، ئەو یەکێکە لەو کەسانەی کە لە ئیستانبوڵ ژیان بەسەردەبات و هەموو کەسوکار و سەروەت و سامانیان لەدوای خۆیان لە میسر جێهێشتووە. ئەو کچەکەی، ئەسما، لە تەمەنی ١٧ ساڵیدا کوژرا، هاوسەرەکەشی کە یەکێکە لە سەرکردەکانی ئیخوان، لە زینداندایە.
سەنا بەڵتاجی ئاماژەی بەوە دا کە بڕیاری جێهێشتنی وڵات ئاسان نەبووە، گوتی: "جێهێشتنی محەمەد بەڵتاجی هاوسەرم کە لە گرتووخانەیەکی سەربازیی دەستبەسەرکراوە زۆر سەخت بوو. بەهەمان شێوە جێهێشتنی کوڕەکەم کە بە ناهەق خراوەتە زیندان و تاوانێکی بەناوەوە کراوە کە ئەنجامی نەداوە، زۆر سەخت بوو".
بەڵتاجی لە بارەی ئەسمای کچیشەوە گوتی: "کچەکەی من لە پێناو سەرکەوتن و خۆشگوزەرانی و شکۆداری وڵات گیانی خۆی بەخشی".
سەنا بەڵتاجی تیشکی خستە سەر ئەوەی کە ستەمکاری زۆر دەرهەق بە خانەوادەکەیان کراوە و دەیانەوێت تۆڵە بستێننەوە، گوتی: "دوای ئەوەی ئەنەسی کورمیان دەستگیرکرد، بڕیاری دەستگیرکردنیان بۆ منیش دەرکرد. دواتر خالیدی کوڕم کە تەمەنی ١٧ ساڵە دوو جار دەستگیریان کرد. چەندین رۆژ لە زینداندا ئازاری دەروونی و جەستەییان دا. دوای چەند رۆژیک توانیم لە دادگا بیبینم. لەوێ تەنها لەبەر ئەوەی کوڕی دکتۆر بەڵتاجی بوو دوو ساڵ سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپاند. هەوڵیان دا تەنانەت حوسامی کوڕم کە تەمەنی سێ ساڵانە بیخەنە زیندان. لەبەر ئەو هەموو ستەمکارییە ناچار بووم وڵاتی خۆم جێبهێڵم".