Laith Al-jnaidi,Hamdi Yıldız
25 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2020
ئیستانبوڵ- AA
کاردانەوەکان لە وڵاتانی عەرەبی بەرامبەر لێدوانەکانی سەرکۆماری فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن دژبە ئایینی ئیسلام، بەردەوامە و لەو چوارچێوەیەشدا، بانگەشە بۆ بایکۆتکردنی کاڵای فەڕەنسی و گەشتنەکردن بۆ ئەو وڵاتە دەکرێت.
لەم چوارچێوەیەشدا شێخی ئەزهەر، ئەحمەد تەیب لە بانگەوازێکدا رایگەیاند "لەئێستادا شایەتحاڵی هەڵمەتێکین کە تیایدا کار دەکرێت بۆ راکێشانی ئیسلام بۆ ناو پێکدادانە سیاسییەکان و دژایەتیکردنی پێغەمبەر (د.خ)".
شێخی ئەزهەر ئەوەی خستووەتەڕوو کە بەکارهێنانی هێما و پیرۆزییەکانی ئیسلام بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، مایەی قەبوڵکردن نییە و داواشی کرد لەژێر ناوی ئازادی رادەربڕین، ململانێکان توندتر نەکرێنەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە کۆمەڵەی ئیخوان موسلمین لە ئوردن لەبارەی لێدوانەکانی ماکرۆن راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لە حکوومەتی پاریس کراوە واز لە هێرشکردن بهێنێت و داوای لێبوردن لە ئومەتی ئیسلام بکات.
بەهەمان شێوە وەزارەتی ئەوقاف لە کەرتی غەززە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا داوا لە حکوومەتی وڵاتانی ئیسلامی کراوە هەڵوێستێکی ئاشکرا دژبە فەڕەنسا بخەنەڕوو و پێشنیازیش کراوە بۆ موسڵمانانی جیهان بایکۆتی کاڵای فەڕەنسی بکەن.
هەروەها بزووتنەوەی جیهادی ئیسلامی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە پێویستە سووکایەتیکردن بە ئایینی ئیسلام و حەزرەتی محەمەد (د.خ) هێڵی سووری هەمووان بێت و جیهان لە بەرامبەر ئەم هەڵوێستە نەژادپەرستانەدا بێدەنگ نەبێت.