Muhammet Ali Kemal
19 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2016
سکرتێری گشتیی پەیمانی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ رایگەیاند: ''تورکیای هاوپەیمانمان، تاکە وڵاتی ناتۆیە کە زۆرترین کاریگەریی توندوتیژییەکانی داعش و ئەو ئاڵۆزی و پشێوییانەی کەوتووەتە سەر کە رێکخراوەکە درووستی کردوون. ئێمە بوونی سەربازیمان لە تورکیا زیادکرد. سیستمی دژە مووشەکی پاتریۆتمان جێگیرکرد. کەشتییەکانی ناتۆ دەچنە بەندەرەکانی تورکیا. لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی رۆڵی زیاتری پەیمانی ناتۆ لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا دەکرێت''.
ستۆڵتنبێرگ لەکاتی چوونە ژوورەوەی بۆ بارەگای ناتۆ لە برۆکسل بەر لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی پەیمانی ناتۆ کە بڕیارە ئەمڕۆ سازبکرێت، لێدوانی سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ دا.
یانس ستۆڵتنبێرگ ئاماژەی بەوەکرد لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی هەریەک لە بابەتەکانی بەرنامەی مەشقپێکردنی سەربازانی سوپای عێراق، رۆڵی پەیمانی ناتۆ لە ئاسایشی دەریای سپی ناوەڕاستدا، ئەگەری هاوکاریکردنی لیبیا، پەیوەندییەکان لەگەڵ رووسیا و پشتیوانییەکانی ناتۆ لە وڵاتانی خۆرهەڵاتی ئەورووپا، تاوتوێ دەکرێن.
سکرتێری گشتیی پەیمانی ناتۆ باسی لەوەکرد بەرەنگاربوونەوە و بەرگریکردن لەلایەن ناتۆوە لەبەرامبەر رووسیادا لەسەر بنەمای دایەلۆگ دامەزراوە و گوتی: ''بەتایبەت لە قۆناغی گرژییەکاندا، هێشتنەوەی کەناڵەکانی گفتوگۆ بە کراوەیی و شەفافیەتی زیاتر سوودی هەیە''.
ستۆڵتنبێرگ ئاشکرایکرد لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوەش دەکرێت کە ناتۆ دەتوانێت چی کارێکی دیکە لە سووریا ئەنجام بدات و گوتی: ''تورکیای هاوپەیمانمان، تاکە وڵاتی ناتۆیە کە زۆرترین کاریگەریی توندوتیژییەکانی داعش و ئەو ئاڵۆزی و پشێوییانەی کەوتووەتە سەر کە رێکخراوەکە درووستی کردوون. ئێمە بوونی سەربازیمان لە تورکیا زیادکرد. سیستمی دژە مووشەکی پاتریۆتمان جێگیرکرد. کەشتییەکانی ناتۆ دەچنە بەندەرەکانی تورکیا. لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی رۆڵی زیاتری پەیمانی ناتۆ لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا دەکرێت''.