Zana Natık Kerem
10 شوبات 2019•نوێکردنەوە: 11 شوبات 2019
قاھیرە ــ AA
ئەو مانۆڕە سەربازییەی کە ھێزەکانی ئاسمانی و دەریایی میسر و کوێت کۆتایی مانگی رابردوو دەستیانپێکرد کۆتایی ھات.
لەو بارەیەوە سوپای میسر رایگەیاند، مانۆڕەکە بە ئەنجامدانی چالاکی مەشق و راھێنان لەسەر ھێرشکردنە سەر حەشارگەی گرووپە تیرۆریستییەکان کۆتایی ھات.
گوتەبێژی سوپای میسر، عەقید تامر ریفاعی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە، مانۆڕەکە کۆتایی مانگی رابردوو لەژێر ناوی "سەباح-١ و یەرموک-٤" لە بنکەی دەریایی محەمەد ئەحمەد و بنکەی ئاسمانی ئەحمەد جابر لە کوێت دەستپێکرابوو کە بۆ ماوەی چەند رۆژێک بەردەوام بوو.
لە مانۆرەکەدا، ھێزەکانی ئاسمانی و دەریایی میسر و کوێت بەشداربوون.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە قۆناغەکانی کۆتایی مانۆرەکەدا، ھێزەکانی ئاسمانی و دەریایی میسر و کوێت چالاکی، مەشق و راھێنانیان لەسەر ئەنجامدانی ھێرشکردنە سەر حەشارگەی گرووپە تیرۆریستییەکان لە ناوچە ستراتیجییەکان ئەنجامداوە.
لای خۆیەوە سەرۆکی دەستەی مەشق و راھێنان لە سوپای میسر، لیوا ناسر عاسر لەبارەی گرنگی مانۆڕەکەوە ئاماژەی بەوەداوە کە گرنگی مانۆرەکە لەوەدایە، زیاتر پشتیوانی لەو ھەوڵانە دەکرێت کە بۆ ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە خراوەنەتەگەڕ، ئەمە جگە لەوەی مانۆرەکە بووەتە مایەی پتەوترکردنی ھاوکاری سەربازی نێوان میسر و کوێت.
لە بەرامبەردا سەرۆک ئەرکانی گشتی سوپای کوێت، فەریق محەمەد خالید خزر رایگەیاندووە، بە ئەنجامدانی مانۆڕەکە، ئاڵوگۆڕیی شارەزایی نێوان وڵاتەکەی و میسر بەرەوپێش دەچێت، هەروەها توانا و ھەوڵەکانی نێوان هەردوو وڵات بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ھەڕەشانەی کە وڵاتانی عەرەبی رووبەڕووی بوونەتەوە، بەھێزتر دەکات.