Hemin Hüseyin
17 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2018
هەولێر-AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە میانی کۆنگرەی رۆژنامەوانی هەفتانەی خۆیدا ئاماژەی بەچەند تەوەرێک کرد کە پەیوەستن بە دوا پێشهاتەکان و بارودۆخی سیاسیی و دارایی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.
لەسەرەتای کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی گوتی: "دەمەوێت لەسەر ئەوە قسە بکەم کە پێشتر شاندێکی ھەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کردبوو، دواتر شاندێک لە بەغداوە بە سەرۆکایەتیی ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، مەھدی عەلاق سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کرد، لە ھەرێمی کوردستانیش لە نێوان ئەم دوو لایەنە تیم دروست کران بۆ بابەتی فڕۆکەخانەکان و دەروازە سنوورییەکان و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە وەزارەتی ناوخۆ و بەنداوەکان، بۆیە بەھەڵسەنگاندنی ئێمە لە ئەنجوومەنی وەزیران، ئەو سەردانانە ئیجابییە و پێمانوایە کە دەستپێکردنێکی زۆر باشە بۆ چارەسەرکردنی ھەموو ئەو کێشانەی لە کە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا ھەیە لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا. ئێمە خۆشحاڵین بەم دانیشتنانە و ھیوادارین بگەین بە ئەنجامێکی باش کە لە خزمەتی ھەموو ھاووڵاتییانی عێراق و کوردستاندا بێت و ئەم پەیوەندییەی لە نێوانماندا ھەیە ئاسایی بکرێتەوە و شتەکانیش زۆر باشتر بکرێن. بڕیارە کۆبوونەوەی دیکەش بە دوای ئەم کۆبوونەوەیەدا هەبێت. مەحزەری کۆبوونەوەکەمان لەلایەن ھەولێر و بەغدا ئیمزا کراوە و چاوەڕێ دەکرێ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆنووسی کۆبوونەوەکە ئیمزای لەسەر بکرێ و ئەوەی دەمێنێتەوە چەند بابەتێکی پێکەوەبەستنەوەیە کە ھەموو داواکارییەکان جێبەجێ کراوە و ئیتر ئەوەی دەمێنێتەوە بابەتی سیاسییە بۆ کردنەوەی فڕۆکەخانەکان".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "وەک دەزانن داوای لیستی مووچەخۆرانی ھەردوو وەزارەتی پەروەردە و تەندروستی کرابوو، شاندەکانمان ناردووەتە بەغدا و کۆبوونەوە کراوە، ئەمڕۆش کۆبوونەوەی تر لە بەغدا ھەیە لەسەر ئەم بابەتە بە ھیواین بگەنە ئەنجام". لەبارەی ئەوەی کە ئایا هیچ بانگهێشتنامەیەکیان بەدەست گەیشتووە لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سەلیم جبووری سەبارەت بە بەشداریکردنییان لە کۆنگرەی ئاشتەوایی کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە بەغدا ئەنجام بدرێت، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بانگھێشتەکەمان بەدەست گەیشتووە، بەڵام ھێشتا بڕیارمان نەداوە کە ئایا من ئامادە دەبم یان نا، چونکە لەوانەیە ئەو کاتە وا هەڵکەوتبێت کە ئێمە لە کۆنگرەی داڤۆس بین و لە ھەرێمی کوردستان نەبین".
سەبارەت بە کشانەوەی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە حکوومەت کە دوێنێ لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانیدا رایانگەیاند، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە ئاگادارین کە دوێنێ سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بڕیاری کشانەوەیان داوە، ئێمە پێمانوایە نە کاتەکەی گونجاو بوو، نە لە بەرژەوەندی ھەرێمی کوردستانیش بوو، نە لە بەرژەوەندی یەکڕیزیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بوو. بەداخەوە بڕیارەکە ئێمەی زۆر نیگەرانکرد. ئەو وەزیرانەی تا ئێستا ئیشیان کردووە، لە راستیدا سوپاسیان دەکەم کە لە رۆژی یەکەمەوە دەستیان بە کار کردووە و پابەندی ئەو سوێندە یاساییەبوون کە لە پەرلەمانی کوردستان خواردوویانە و ئەوەی لە توانایاندا ھەبووە بۆ خزمەتی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان کردوویانە و ئێمە رێز و حورمەتمان بۆیان هەیە".
نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: "لەبارەی بابەتی دەرچوونی یەکگرتووی ئسیلامیی وەکو حزبێکی سیاسی و بڕیارەکەیان بابەتێکە و مەسەلەی وەزیرەکانیان بابەتێکی ترە کە دەبێت دەست لەکار کێشانەوەی خۆیان پێشکەش بکەن و تا سەرۆکوەزیران رەزامەندی لەسەر دەست لەکار کێشانەوەکە دەدات، دەبێت لە کاری خۆیان بەردەوام بن، ھیوادارین تا کەسێکی دیکە دادەنرێت لە کارەکانیان بەردەوام بن و کارەکانییان بکەن".
لە وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە لەلایەن رۆژنامەنووسانەوە ئاراستە دەکران بە تایبەت لەسەر ئەنجامدانی پڕۆسەی هەڵبژاردن، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "ئێمە پێمان خۆشە هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و من نامەم بۆ پەرلەمانی کوردستان نوسیووە کە زیاتر لە مانگ و نیوێک لەمەوبەر، داوام کردووە پێویستە ھەڵبژاردن بکرێت و لەگەڵ کۆمسیۆن دانیشتووین بۆ ئەوەی رێککاری چۆنیەتیی ھەڵبژاردنەکان دەستنیشان بکەین و ھەڵبژاردنەکانی کوردستان بکرێت، ئێستاش ئێمە لەگەڵ پەرلەمان و کۆمسیۆن و حکوومەت دادەنیشین کە ئەمە بڕیاری پێشووتری ئێمە بووە بۆ دانانی وادەی ھەڵبژاردن، وەکو حکوومەتیش بەردەوام دەبین".
لە وەڵامی پرسیارێک کە بڕیارە رۆژی٢١ـی ئەم مانگە وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولوود چاوشئۆغلو سەردانی بەغدا بکات کە ئایا هەرێمی کوردستان تا چەندە ئاگادارە لە ئەجێندای سەردانەکە، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "سوپاسی هەر دەستپێشخەرییەک دەکەین کە یارمەتیدەربێت بۆ ئاسییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئێمە و بەغدا بەڵام بەشیوەیەکی فەرمیی هیچ شتێک بە ئێمە نەگوتراوە".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانییان لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "پەیوەندی لە نێوان ئێمە و بەغدا دا ھەیە و بەپێی پێشبینیمان لەم نزیکانە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا بە گشتی و ئەنجوومەنی وەزیران و سەرۆکوەزیرانیش باشتر دەبێت، پەیوەندیمان لەگەڵ تورکیا و ئێران ئێستا بە بەراورد لەگەڵ مانگێک لەمەوبەر زۆر باشتر بووە، پێشبینی باشتربوونی پەیوەندییەکانمان لە ماوەیەکی نزیک دەکەین. دەتوانین بڵێین لەسەر رێگایەکین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا و ئێران. هەروەها لەگەڵ فەڕەنسا و ئەڵمانیا بەردەوام لەسەر ھێڵین لەبارەی دۆخی ھەرێمی کوردستان و پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، بەشداری لە کۆنگرەی داڤۆس دەکەین و کۆمەڵێک دیداریشمان لەگەڵ بەشدارانی کۆنگرەکە دەبێت".
لەبارەی ئەوەی کە ئەگەر حکوومەتی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی نەنارد، ئایا هەرێمی کوردستان لە توانایدا هەیە کە مووچەی مووچەخۆرەکانی بدات و سەبارەت بە دەنگۆی کردنەوەی حسابێکی بانکی هەرێم لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی گوتی: "بەپێی ئەو داھاتەی ھەمانە بەردەوام مووچە دابەش دەکرێت، ئاگاداری ئەوە نین و بە فەرمی کەس ئاگاداری نەکردووینەتەوە کە حیسابێک ھەیە بۆ مووچەی فەرمانبەران".
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە سەردانەکەی خۆی بۆ ڤاتیکان کرد و گوتی: "سەردانی ڤاتیکانمان کرد، ئەوان بە گرنگەوە لە پێکەوەژیانی ھەرێمی کوردستان دەڕوانن و تێگەیشتنی تەواویان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی عێراق لە چوارچێوەی دەستووردا هەیە و دەڵێن ئێمە شانازی دەکەین لە وڵاتێکدا ئەم ھەموو پێکھاتەیە پێکەوە دەژین و دوعای خێریان بۆ بەردەوامیی پێکەوەژیان لە کوردستان و ھەموو عێراقیش دەکرد".