هەولێر
سەرۆکی سەنتەری لێکۆڵینەوەی ستراتیژی محەمەد بازیانی، بەئاماژەدان بەوەی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی نێوان رووسیا، عێراق، سووریا و ئێران "مەترسییەکی گەورەیە" بۆ سەر هەرێمی کوردستان، گوتی: "ناوەندی ئەو هاوپەیمانێتییە بەغدایە، ئەگەر بەغدا زۆر بەهێز بێ ئەگەری هەیە هێرشی سەربازیی بکاتە سەر هەرێمی کوردستان".
بازیانی کە لەهەولێر سەرقاڵی کارە سیاسیی و ئەکادیمییەکانیەتی، مەترسییەکانی پێکهێنانی هاوپەیمانێتی نێوان عێراق، ئێران، سووریا و رووسیای لەسەر هەرێمی کوردستان بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی هەڵسەنگاند.
بازیانی سەرنجی راکێشا بۆ ئەوە راکێشا کە بەو پێیەی ناوەندی ئەو هاوپەیمانێتییە بەغدایە، لەحاڵەتی بەهێزبوونی حکوومەتی عێراق لەوانەیە رووی هێزەکانی لەهەرێمی کوردستان بکات و دەستێوەردانی سەربازیی لێرە بکات.
بازیانی ئەو گرژی و ئاڵۆزییەی هێنایە بەرباس کە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزەکانی سەربە حکوومەتی عێراق لەشارۆچکەی داقووقی سەر بەکەرکووک و شارۆچکەی توزخورماتووی سەر بەسەڵاحەدین روویدا، گوتی: "لەو ناوچانەی لەژێر رکێفی هێزەکانی حەشدی شەعبی دان، خەڵک دەکوژن، دەست بەسەر ماڵان دادەگرن، دووکان دەسوتێنن و هەڵدێن. ئەو دۆخە هەڕەشەی جدی بۆ سەر هەریمی کوردستان درووست دەکات".
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، ئێران کە لەو هاوپەیمانێتییەدا جێ دەگرێ ئارامی و سەقامگیری کوردستانی ناوێ و رووسیاش بۆ ئەو ناوچەیە پیلانی خۆی هەیە، بۆیەش سەرۆکی هەریمی کوردستانی عێراق وجودی ئەو وڵاتە لەسووریا بەمەترسی بۆ سەر خۆی دەزانێ. ئەوەی بەبیرهێنایەوە کە بارزانی نیگەرانییەکانی خۆی دەربڕیووە سەبارەت بەهێرشە سەربازییەکانی رووسیا لەسووریا و خوازیاری ئەوە بووە تەنها داعش بکرێتە ئامانج، "بەڵام رووسیا لەسووریا داعش نا بەڵکو هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەپێکێ. رووسیا بەراشکاوی گوزارشتی تیرۆرست بۆ لایەنەکانی ئۆپۆزیسۆن بەکاردێنێ. ئەو بۆ رژێمەکەی ئەسەد هێزی پشتیوانە".
بازیانی نیگەرانییەکانی هەرێمی کوردستانی بەڕەوا دەزانێ، "ئەمڕۆ رووسیا هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن دەپێکێ چونکە دژی ئەسەدن، لەوانەشە سبەی لەئەگەری رووبەڕوو بوونەوە لەگەڵ بەغدای هاوپەیمانیدا هێزەکانی پێشمەرگە بپێکێ".
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کەلەباکووری سووریا پەیەدە لەگەڵ رژێمی ئەسەد "هەماهەنگییەکی توند و تۆڵیان هەیە"، بۆیە رووسیا دان بەبوونی "کانتۆنەکان" دادەنێ، بەسەرنجراکێشان بۆ ئەوەی ئەگەر کار گەیشتە پێکدادان لەنێوان پەیەدە و رژێم ئەسەد ئەوکات رووسیا لەپەیەدەش دەدات و لەو بارەیەوە گوتی: "یەپەگە لەدژی داعش شەڕ دەکات و لەگەڵ رژێمی ئەسەدیش لەهەماهەنگی توند و تۆڵ دایە. لەوانەیە سبەی رووسیا ئەندامە چەکدارەکانی پەیەدەش بپێکێ. راستە ئەمڕۆ هاوپەیمانن، بەڵام ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەسەد بەریەککەوتن بەدووری نازانم رووسیا ئەوانیش بپێکێ".
بازیانی پێیوایە رووسیا بۆ پاراستنی سنوورەکانی رژیمی ئەسەد هاتووە و دەڵێ: "ئۆپۆزیسۆنی سووریا داوای مافی رەوای گەل دەکات. تاکوو ئێستا سێ بۆ چوار میلۆن کەس کۆچی کردووە، نزیکە دوو ملیۆن کەس کۆچبەر لەتورکیایە. رووسیا بۆ مانەوەی رژێمەکەی ئەسەد ئۆپۆزسیۆن دەپێکێ. ئەوەش هەڵەیەکی گەورەیە. ئەمریکا و تورکیاش پاڵپشتی ئۆپۆزیسیۆن دەکەن. بۆیە لەوانەیە ئەو شەڕەی سووریا گەورە ببێ و ببێتە ناوچەیی".
بازیانی ئەوەشی دەربڕی کە ئێران دەیەوێ فەرمانڕەوایی ناوچەکە بکات، گوتی: "ئێران لەزۆرێک لەدەوڵەتان لەدۆخی فەرمانڕەوایی دایە. باشوور و حکوومەتی عێراقی لەژێر فەرمانی ئەودایە، هەندێک ناوچەی سنووری نزیک لەخۆیشی کۆنتڕۆڵ کردووە، تەنها هەرێمی کوردستان لەدەرەوەی حوکمی ئەوە، لەعێراق تاکە هێزێک لەبەرامبەری بوەستێتەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بارزانییە".
بازیانی ئاماژەی بەوە کرد کەدەیانەوێ "بەکردنە ئامرازی بەشێک لەو هێزانەی بانگەشەی بەرگری لەگەلی کورد بکەن، ئاسایش و ئارامی تورکیا هەرەس پێبێنن" و تیشکیشی خستە سەر ئەوەی توندوتیژی هیچ کاتیک چارەسەری کێشەکان ناکات.
سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە ئاگاداری بەرنامە و پلانی ئاکپارتییە لەساڵی ٢٠٠٣ ەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد و لەو بارەشەوە گوتی: "دوو ساڵ لەمەوبەر راپۆرتی وڵاتێکی هاوسێمانم بەدەست گەیشت. تێدا نووسرابوو: 'نابێ ئارامی و ئاسایش لەتورکیا هەبێ. دەبێ گەشەکردن و بەرەپێشچوون لەو وڵاتە بوەستێ. قەرزەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی داوەتەوە. ئێستا ئەو قەرزاری تورکیایە'، ئەوان بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە بەبەرەوپێشچوونی تورکیا بێتاقەت دەبن. وڵاتانی دونیا چەک بەئێمە دەفرۆشن و دەیانەوێ بکەوینە گیانی یەکتر و یەکتر بکوژین. دەیانەوێ ئارامی و ئاسایش لەباربەرن".
بازیانی رایگەیاند بەهۆی هاتنی کۆمپانیا تورکییەکانەوە، هەرێمی کوردستان بەروپێشچوونی باشی بەخۆیەوە دیتووە، "دوای ١٠ ساڵی دیکە ئێرە پاڵێوراو دەبوو بۆ بوونە دووبەی. بەڵام شەڕی داعش هەموو شتێکی سەراولێژ کرد. ئەوە سیناریۆیەکی ئامادەکراو بوو بۆ سەرقاڵکردنی کوردان".
بازیانی پێیوایە ئەو خۆپیشاندانانەی لەشارو شارۆچکەکانی پارێزگای سلێمانی رێکخران بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە کە ئاراستەکەی گۆڕدرا بۆ هێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ململانێی سیاسی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و گۆڕان دەگێرێتەوە و بانگەشەی ئەوەشی کرد کەهێزەکانی نێودەوڵەتی، وڵاتانی ناوچەکە و رێکخراوە هەواڵگرییەکان دەستیان لەخۆپیشاندانەکاندا هەیە و گوتی: "بەتایبەتی دەستی وڵاتانی دراوسێ دەبینرێ، ئەگەر سەرنج بدەین خۆپیشاندانەکان لەناوچە سنووریەکانن، شارۆچکەکانی قەڵادزێ، هەڵەبجە، کەلار و کفری بەتەواوی سەرسنوورن. ئەو ناوچانە لەسەرسنووری وڵاتێکن کەئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستانی ناوێ".
بازیانی دەڵێ "وڵاتیکی ناوچەکە چاوی بە ئارامی و دەوڵەمەندی و گەشەی ئابووری هەریمی کوردستان هەڵنایە" بەمجۆرە لەسەر قسەکانی بەردەوام بوو: "ئێمە نەوت، سامانی ژێر زەوی، بەپیتی خاک، شوینی گەشتیاریمان زۆرن. هیندەی لیبیا نەوتمان هەیە. ئەگەر بەشێوەیەکی باش کاری لەسەر بکرێ و بە یەکسانی دابەش بکرێ ئەو نەوتە لە پێنج ملیۆن کەس زیادیشە. لەشوێنێک رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل نەوت رەوانەی دەرەوە بکرێ، شتێکی زۆر سەیرە سێ مانگ بێ مووچەکی فەرمانبەرانت نەدەیت. ئەگەر حکومڕانییەکەی بەهێز و دووربینمان هەبێ ئابووریمان لەوڵاتانی کوێت و سعوودیە باشتر دەبێ".
بازیانی چاوەڕێی ئەوە بووە لەبەرامبەر هێرشکردنە سەر بارەگاکانی پارتی لەلایەن گۆڕانەوە، پارتیش کاردانەوەی هەبێ و گوتی: "هەندێک وڵاتی ناوچەکە، دەیانویست کێشەی سەرۆکایەتی بۆ ئاقارێکی دیکە بەرن. گۆڕان پێشەنگێتی ئەوەی کرد. بەڵام بینیمان ئەوە سەری نەگرت. پارتی دیموکراتی کوردستان ژیرانە مامەڵەی کرد و دەستی نەبرد بۆ کاری توندوتیژی و بارەگای هیج لایەنێکی نەسووتاند و بەشێوەیەکی گونجاو بەرێگری کردن لەوەی سەرۆکی پەرلەمان بێتە هەولێر، پێشی بەبارگرژییەکان گرت".
بازیانی ئاماژەی بەوەشدا کەکەسانێک بەدوای ئاژاوەدا دەگەڕێن، هێزێک دەیەوێ برا گەورە، سیمبوڵ و ریشسپییەکان بکەنە ئامانج و نەیانهێڵن، شوێنێکیش ئەوانی تێدانەمینێ لەوێ ئاژاوەگێڕی حوکم دەکات. لەو دۆخەدا لەبری هێزەکانی دەستووری میلیشیا سەر دەردێنێ و کێ چەکی پێ بێ ئەو هێز وەردەگرێ. ئەو دۆخە لەزۆرێک وڵاتانی ناوچەکە دەبینرێ. دەیانەوێ ئاواش لەکوردستان بکەن.
بازیانی پێیوایە، حکوومەت بەبێ بەشداری گۆڕانیش بەردەوام بێ و گوتی: "جێگری یەکەمی سکرتێری گشتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان کۆسرەت رەسوڵ گوتی کابینەیەکی نوێ پێکدەهێنرێ. مەلا بەختیاریش لەو بارەیەو قسەی کرد. پارتی، یەکیتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ و پارتەکانی دیکە دەتوانن حکوومەتیکی بنکەفراوان پێکبێنن. پێموایە نێچرڤان بارزانی لەو رووەوە کارەکانی بەڕێوە دەبات. واتە بەبێ بەشداری گۆڕان ئەو حکوومەت و پەرلەمانە بەردەوام دەبن. لەو خاڵەدا گۆڕان هەڵەی کرد. پێویست بوو بەرلەوەی سەرۆک وەزیران بە وەزیرەکانی گۆڕان بڵێ 'بڕۆنەوە ماڵەکانتان' گۆڕان خۆی گوتبای 'خۆم دەکێشمەوە'. مادام لەسیاسەتەکانی حکوومەت رازی نیت، باشترین رێگاچارە کشانەوەیە".
بازیانی ئاماژەی بەوەدا مەسعود بارزانی تائێستاش بەکردەوە سەرۆکە و بەردەوامە لەسەر بەکارهێنانی هەموو دەسەڵاتەکانی، لەو باریەوە دەڵێ: "بارزانی تەواوی دەسەڵاتەکانی بەکاردێنێ. کاربەدەستانی نێودەوڵەتیش دان بەوە دادەنێن. کاتێک کاربەدەست و وەزیری وڵاتان دێن وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان چاویان بەبارزانی دەکەوێ. تاکو ئێستا فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە کە لەدژی داعش لەشەڕدان. ئەگەر لەرووی یاساییشەوە کێشەکە یەکلایی نەبووبێتەوە دیسانەوە بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە. وەزیرەکانی گۆڕایش بەنهێنی سەرۆکایەتی بارزانی قبوڵ دەکەن. ئەو بابەتە ململانێی نێوان دوو پارتە".
news_share_descriptionsubscription_contact

