Abdullah Shukur
12 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 13 نیسان 2018
واشنتۆن - AA
ئیدارەی ئەمریکا رایگەیاند کە لە دوای شیکاری چەند نموونەیەکی خوێن و میز کە لە سووریاوە بەدەستھێنراوە، گەیشتووەتە ئەو راستییەی کە گازی کیمیایی لە ناوچەی غوتەی رۆژھەڵات بەکارھاتووە و رژێمی بەشار ئەسەدیش لە پشت ئەو ھێرشەیە.
بەپێی ئەو ھەواڵەی لە کەناڵی MSNBCی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، دوو بەرپرسی باڵای ئیدارەی ئەمریکا کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، لێدوانی گرنگیان لەبارەی سووریا پێشکەش کردووە.
لە ھەواڵەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئیدارەی ئەمریکا پشکینینی بۆ نموونەی خوێن و میزی قوربانیانی ھێرشە کیمیاییەکەی سووریا کردووە و ئەوەش راگەیەنرا کە گەیشتوونەتە ئەو راستییەی کە گازی کلۆرین و دەمار لەو ھێرشەدا بەکارھاتووە.
ھەر ئەو دوو بەرپرسە راشیانگەیاند کە گازی کلۆرین و دەمارلەگەڵ نموونەی ھەمان ئەو گازانەی کە پێشتر رژێمی سووریا لە ھێرشە کیمیاییەکانی بەکارھێنابوو یەکیان گرتووەتەوە.
ئەو دوو بەرپرسە راشیانگەیاندووە کە لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لەو نموونانەی کە بەدەستکەوتووە و ھاوکات لە ژێر رۆشنایی زانیاری ھەواڵگری وڵاتانی دیکەش، ئەوە دەرکەتووە کە رژێمی بەشار ئەسەد بەرپرسە لەو ھێرشە کیمیاییە.
پێشتریش سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ رایگەیاندبوو کە ئەو باوەڕی وایە رژێمی بەشار ئەسەد لە پشت ھێرشە کیمیاییەکەی سەر شاری دوما لە غوتەی رۆژهەڵاتە و راشیگەیاندبوو کە رووسیا و ئەوانی دیکەش باجی ئەم کارەیان دەدەنەوە.
دوێنێ گوتەبێژی کۆشکی سپی، سارا ساندرەس رایگەیاندبوو کە ئەوان پێیانوایە رژێمی بەشار ئەسەد و رووسیا لە پشت ئەو ھێرشە کیمیاییە دان.
لە ئەنجامی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە شارۆچکەی دوما لە غوتەی رۆژھەڵات باشووری سووریا لە حەوتی نیسانی رابردوو، ٧٨ مەدەنی کوژران. لە بەرامبەردا نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا، ستافان دی میستورا رایگەیاند بوو، نەتەوە یەکگرتووەکان نەیتوانیوە ژمارەی قوربانیان و بەرپرسانی ئەو ھێرشە دیاری بکات.
لە دوای ھێرشی کیمیایی رژێمی ئەسەد، ئیدارەی ئەمریکا گوتارە ھەڕەشەئامێزەکانی زیاد کردووە و لە لایەکی دیکەو، ئاژانسی ھەواڵی Associated Pres رایگەیاندبوو کە سەرکردەکانی ئەمریکا، فەڕەنسا و بەریتانیا گفتوگۆ لەسەر بژاردەی سەربازیی دژ بە سووریا دەکەن.