Gülşen Topçu
16 ئەیلوول 2020•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2020
کەرتی غەززە - AA
گوتەبێژی حەماس، سامی ئەبو زەهری ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو رێککەوتنانەی لە بواری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان بەرپرسانی بەحرێن و ئیمارات لەگەڵ ئیسرائیل واژوویان کردووە، ئاشتیی بۆ ئیسرائیل فەراهەم ناکەن.
سەبارەت بەو رێککەوتنانەی لە بواری ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دوێنێ بە میوانداری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆشکی سپی واژووکران، ئەبو زەهری راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.
ئەبو زەهری واژووکردنی رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی لەلایەن بەحرێن و ئیماراتەوە لەگەڵ ئیسرائیل بە ''چوونە ریزی دوژمن، پشتیوانیکردن لە داگیرکار و زەوتکردنی مافەکانی فەڵەستین'' لەقەڵەمدا و، رایگەیاند:
''بەڕێوەبەرانی ئیمارات و بەحرێن بەو رێککەوتنانە سووکایەتییان بە قودس و فەڵەستین کرد''.
ئەبو زەهری رایگەیاند: ''دڵنیایی دەدەین کە ئەو رێککەوتنانە، ئاشتی لە ناوچەکەدا بۆ ئیسرائیل فەراهەم ناکەن''، جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە گەلانی ناوچەکە بەردەوام دەبن لەسەر بینینی ئیسرائیل وەک دوژمنی راستەقینە.
- ''بە هێندەی ئەو مورەکەبەی بەکارهێنراوە باهەی نییە''
لە لایەکی دیکەوە، گوتەبێژێکی دیکەی حەماس، حازم قاسم لە بڵاوکراوەیەکدا لە فەیسبووک، ئاماژەی بەوە کرد کە رێککەوتنەکانی ئاساییکردنەوە کە لەگەڵ ئیسرائیل واژووکراون، وەک ئەوە وایە هەر واژووش نەکرابن.
حازم قاسم باسی لەوە کرد کە گەلی فەڵەستین تا گێڕانەوەی هەموو مافەکانی بەردەوام دەبێت لەسەر خەبات و رایگەیاند ''ئەو رێککەوتنانەی لەگەڵ ئیسرائیل واژووکراون بەهێندەی ئەو مورەکەبەی تیایدا بەکارهێنراوی بەهایان نییە''.
هەروەها بەرەی رزگاریخوازی گەلی فەڵەستین رێککەوتنەکانی بە ''رۆژێکی رەش بۆ گەلی فەڵەستین و مێژووی عەرەبەکان'' ناوزەند کرد.
بەرەی رزگاریخوازی گەلی فەڵەستین، باسی لەوە کرد کە رێککەوتنەکان دوای پیلان و ئامادەکارییەک کە ساڵانێکی زۆرە درێژەی هەیە واژووکراوە، داواشی کرد هەموو شێوازەکانی بەرگریی بەکاربهێنرێت دژبە گشت ئەو پێشێلکاریانەی داگیرکەر ئەنجامی داون، دژبە ئاساییکردنەوەکان و ئەو پیلانانەی دژبە دۆزی فەڵەستین دادەڕێژرێن.