Emel Öz Gözellik,Muhammet Ali Kemal
11 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 11 تشرینی دووەم 2017
نەتەوەیەکگرتووەکان - AA
سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئاشكرایکرد وەستاندنی توندوتیژیی بۆ سەر موسڵمانانی رۆهینگیا لە میانمار گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەیە.
ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس بەر لە بەڕێکەوتنی بۆ ئەو گەشتەی کە بەنیازە بۆ ئاسیا ئەنجامیبدات، لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رۆژنامەوانان ئاماژەی بەوەکرد پێویستە مافە یاساییەکان بدرێتە موسڵمانانی رۆهینگیا.
گۆتێرێس جەختی لەوەکردەوە کە بێدەنگ نابن لەبەرامبەر ئەو توندوتیژییەی بەرامبەر ئەو کەسانەدا دەکرێت و باسی لەوەکرد وەستاندنی توندوتیژییەکان کە دژ بە موسڵمانانی رۆهینگیا لە میانمار ئەنجامدەدرێت، گرنگییەکی ئێجگار زۆری هەیە.
هاوکات تیشكی خستەسەر ئەوەی کە پێویستە دەستەبەری گەڕانەوەی موسڵمانە رۆهینگییەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵیان بکرێت.
لە ئەنجامی هێرشەکانی سوپای میانمار بۆ سەر هاووڵاتییانی سڤیل بە بیانووی بەرەنگاربوونەوەی میلیشیا چەکدارەکان، لە ٢٥ی ئابەوە تا ئێستا هەزاران موسڵمان گیانیان لەدەستداوە. بەهۆی ئەوەش کە دەسەڵاتی میانمار رێگە بە هاتوچۆ بۆ ناوچەکە نادات، تا ئێستا ژمارەی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی گیانیان لەدەستداوە، بەتەواوەتی نازانرێت.
لەئەنجامی هێرشەکاندا کە بۆ پاکتاوی نەژادیی گۆڕاون، نزیکەی ٣٠٠ گوند لەلایەن سوپا و بووزییە نەژادپەرستەکانەوە رووخێنراون و زیاتر لە٦٠٠هەزار موسڵمان لەرێگەی ناوچە شاخاوییەکان، رووبار و دەریاوە خۆیان گەیاندووەتە بەنگلادش. دەیان هەزاری دیکەشیان بەدوای رێگەیەکدا بۆ دەربازبوون لە میانمار دەگەڕێن.
لەکاتێکدا کە مەزەندە دەکرێت لە ساڵانی ١٩٧٠دا نزیکەی ٢ ملیۆن موسڵمان لە هەرێمی رۆهینگیا ژیابن، بەڵام لەئەنجامی هەڵاتن بەهۆی هێرش و پەلامارە بەرنامە بۆ داڕێژراوەکانەوە، ئەو ژمارەیە بۆ ٢٠٠ هەزار کەس دابەزی.