مانیلا
دوای ئەوەی بەھۆی کێژەڵوکەی ھایانەوە شەش دورگەی وڵاتی فلیپین خاپوور بوون، ژمارەی قوربانیان بە ١٠ ھەزار کەس مەزەندە دەکرێ. ئێستا دەوڵەت خەریکی گەیاندنی کۆمەک و یارمەتییە بۆ ئەو شوێنانە.
بەھۆی زۆریی ژمارەی قوربانییان و فراوانیی رووبەری خاپووربووی وڵاتەکەوە، گێژەڵوکەی ھایان بە کاریگەرترین و وێرانکارترین گێژەڵوکە ئەژماردەکرێ.
سەرباری ئەوەی فلیپینییەکان ساڵانە خۆیان بەرامبەر نزیکەی ٢٠ گێژەڵوکە ئامادە دەکەن، کەچی زۆربەی جارەکان ھێزی سروشت ھەموو ئامادەکارییەکان پووچەڵ دەکاتەوە و فلیپینییەکان قوربانییەکی زۆری گیانی و ماڵی دەدەن.
بەھۆی ھەڵکەوتەی جوگرافییەوە وڵاتانی ڤێتنام، چین، تایوان، ھۆنگ کۆنگ و یابان زۆرتر دەکەونە ژێر کاریگەریی گێژەڵوکەوە. لەناو ئەو وڵاتانەشدا پشکی شێر بەر فلیپین کەوتووە و زەنگی ئاگادارکردنەوە لەوێ لێدەدرێ. جگە لە گێژەڵوکە وڵاتی فلیپین بەدرێژایی مێژوو ئاشنایییەکی تراژیدی لەگەڵ بومەلەرزە و گڕکان و رووداوە سروشتییەکانی دیکە ھەیە.
ساڵی رابردووش بومەلەرزەیەک بە ھێزی ٧.٢ پلەی بەپێی پێوەری رێختەر وڵاتی فلیپینی ھەژاند و زیاتر لە ٢٢٠ کەس بوونە قوربانی و زیانێکی زۆری ماڵیشی لێکەوتەوە.