AA
10 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 11 ئەیلوول 2019
یەمەن ــ AA
گوتەبێژی هێزە هاوبەشەكان لە رۆژئاوای یەمەن، وەزاح دەبیش رایگەیاند كە لە ئاكامی زنجیرەیەك تەقینەوە لە كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی حووسییەكان لە رۆژئاوای یەمەن، حەوت مەدەنی كوژران و ٢٠ی دیكەش.
وەزاح دەبیش لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرایكرد، زنجیرەیەك تەقینەوە لە كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی حووسییەكان لە گەڕەكی زەعفەران باشووری شاری حودەیدە روویداوە و لە ئاكامدا، حەوت مەدەنی كوژراون و ٢٠ی دیكەش برینداربوون.
گوتەبێژی هێزە هاوبەشەكان لە رۆژئاوای یەمەن باسی لەوەشكرد كە بە هۆی تەقینەوەكانەوە، ژمارەیەك خانووی نزیك كۆگاكە خاپوور بوون، هەروەها دەیان خێزانی گەڕەكەکە ماڵوحاڵی خۆیان جێهشتووە و ئاوارەی گەڕەكەكانی دیكەی شارەكە بوون.
وەزاح دەبیش روونیشیكردەوە، ئەو كۆگایەی كە تەقینەوەكانی تیادا روویداوە، كارگەیەكی دروستكردنی پلاستیك بوو كە حووسییەكان دەستیان بەسەرداگرتووە و وەك كۆگایەكی چەك و تەقەمەنی تایبەت بە خۆیان بەكاری دەهێنن.
ناوبراو وردەكاری و زانیاری زیاتری سەبارەت بە هۆکاری تەقینەوەكان نەخستەڕوو و جەختیكردەوە كە هێزەكانیان هیچ پەیوەندییەکیان بەو تەقینەوانەوە نییە.
هیچ روونكردنەوە و زانیارییەك لەوبارەوە لە لایەن حووسییەكانەوە بڵاونەكراوەتەوە.