Muhammed Temim Hocaoğlu
28 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2020
ئەنقەرە - AA
کەمپی هۆل دەکەوێتە پارێزگای حەسەکە-وە و لەژێر کۆنتڕۆڵی رێکخراوی تیرۆريستی یەپەگە/پەکەکە-دایە.
لەم کەمپەدا ئەندامانی رێکخراوی تیرۆريستی داعش دەستبەسەرن و لەپاڵ ئەوانیشدا ئەو خێزانە مەدەنییانە دەمێننەوە کە لە پێکدادانەکانی سووریا هەڵهاتون.
مەرجەکانی ژیان لە کەمپەکەدا بەردەوام بەرەو خراپتر دەچن و ماوەی ساڵێکیشە رێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە لەپاڵ مۆڵەتدان بە رۆشتنی خێزانە مەدەنییەکان، دەستی بە ئازادکردنی بەندکراوەکانی داعش کردوە.
ژمارەی ئەو کەسانەی تا ئێستا کەمپەکەیان جێهێشتوە لە سێ هەزار نزیک بووەتەوە و ناشزاندرێت چەنێکیان ئەندامی داعش بوون.
چاودێرانی سیاسی ئەم کارەی یەپەگە بە قوماری سیاسی ناودەبەن.
لەو بارەیەوە مامۆستای کۆلێژی یاسا لە زانکۆی یەنیتەپە، پ.د. مەسعود حەقی چاشن، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشکی خستە سەر ئەوەی کە یەپەگە بەشێوەیەکی تایبەت ئەندامە دەستگیرکراوەکانی داعش-ی ئازاد کردوە، ئەمەش هەڕەشەیەکە بۆسەر ئاسایشی ناوچەکە و جیهان.
چاشن، باسی لەوەش کرد کە یەپەگە لەڕێی رزگار کردنی ئەندامانی داعش-ەوە کار بۆ تێکدانی ئاسایشی ئەو ناوچانە دەکات کە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا لە تیرۆريستان پاککراونەتەوە.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە رێکخراوی تیرۆریستی یەپەگە، بەندکراوەکانی داعش بۆ بازرگانی دیل بەکاردێنێت و لەبەرامبەر پارەدا ئازادیان دەکات، بەمشێوەیەش ئازاد کردنی دیلەکان دەبێتە سەرچاوەیەکی داهات بۆ یەپەگە.
چاشن باسی لەوەش کرد کە ئامانجێکی دیکەی رێکخراوەکە رێگری کردنە لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆسەر ماڵوحاڵیان و رایگەیاند: "ئازاد کردنی ئەندامانی داعش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس لە ناوچەکەدا، بەمهۆیەوە خەڵک ناوێرن بگەڕێنەوە ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنتڕۆڵی یەپەگە-دان."