Emre Aytekin
18 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2019
ئه‌نقه‌ره - AA
له‌گه‌ڵ په‌سه‌ندكردنی بوودجه‌ی به‌رگریی له ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئه‌مریكا، ئه‌و پرۆژه یاسایه‌ش په‌سه‌ندكرا كه سه‌پاندنی سزای زیاده به‌سه‌ر ئه‌و كه‌س و دامه‌زراوانه‌دا له خۆده‌گرێت كه پشتیوانیی بۆ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د له سووریا و پشتیوانه‌كانی، هه‌ریه‌ك له رووسیا و ئێران ده‌سته‌به‌رده‌كه‌ن.
به‌پێی تۆماره‌كانی كۆنگرێس، ئه‌نجوومه‌نی پیران پێشتر "یاسای پاراستنی سڤیله‌كانی سووریا -سیزار، قه‌یسه‌ر"ی په‌سه‌ندكردبوو، كه له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران تێپه‌ڕی.
پرۆژه یاساكه سنوورداركردنی دارایی و سه‌پاندنی سزای زیاتر به‌سه‌ر ئه‌و كه‌س و دامه‌زراوانه‌دا له خۆده‌گرێت كه په‌یوه‌ندییان به شه‌ڕ و پێكدادانه‌كان له سووریادا، هه‌بووه.
- ره‌نگه سزاكان، په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ بانكی ناوه‌ندیی سووریاش بگرێته‌وه
له پرۆژه یاساكه‌دا داوا له وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا كراوه رۆڵی بانكی ناوه‌ندیی سووریا له سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌دا هه‌ڵبسه‌نگێنێت و ئه‌گه‌ر هات و له‌وباره‌یه‌وه نیگه‌رانییه‌ك هه‌بوو، ئه‌وا ده‌كرێت داوای زانیاریی وردتر له دامه‌زراوه داراییه لۆكاڵییه‌كان له‌باره‌ی مامه‌ڵه‌كانیان له‌گه‌ڵ بانكه‌كه‌دا، بكرێت.
- سزا به‌سه‌ر ئه‌وانه‌ی كه پشتیوانیی دارایی و ئابوورییان بۆ رژێمی سووریا و پشتیوانانی ده‌سته‌به‌ركردووه، ده‌سه‌پێنرێت
هه‌ر به‌پێی پرۆژه یاساكه ئه‌وانه‌ی كه پشتیوانی‌یان پێشكه‌شی حكوومه‌تی سووریا یان ئه‌و كۆمپانیا بهڵێندهرایهتییانه كه بۆ هه‌ریه‌ک له سووریا، رووسیا و ئێران كارده‌كه‌ن، كردووه یان ئه‌و كه‌س و دامه‌زراوه بیانییانه‌ی مامه‌ڵه‌یان به بڕی زۆری پاره له‌گه‌ڵ ئه‌و كۆمپانیایانه‌دا كردووه، ده‌توانرێت سزایان به‌سه‌ردا بسه‌پێنرێت.
له‌چوارچێوه‌ی سزاكاندا قه‌ده‌غه ده‌خرێته سه‌ر ئه‌و كه‌سانه له چوونه ئه‌مریكا، هه‌روه‌ها رێگریی له گواستنه‌وه‌ی موڵك و سامانی گوازراوه و نه‌گوازراوه‌یان ده‌كرێت.
هاوكات له پرۆژه یاساكه‌دا به‌پێویست زانراوه رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی كه پشتیوانیی پێشكه‌شی دامه‌زراوه دیموكراتییه‌كان ده‌كه‌ن یان هاوكاریی مرۆیی ده‌سته‌به‌رده‌كه‌ن، له سزاكان ببه‌خشرێن، و ئه‌گه‌ر بێت و سه‌رۆكی ئه‌مریكا پێی وابوو كه دژی به‌رژه‌وه‌ندییه نیشتمانییه‌كانی وڵاته، ئه‌وا ده‌توانێت به‌شێك یان ته‌واوی سزاكان هه‌ڵپه‌سێرێت.