Mazın Asad
07 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 09 حوزەیران 2017
قاھیرە - AA
ئیخوان موسلیمین ئیدانەی دروستکردنی پەیوەندی ئیخوان بە تیرۆر و توندوتیژی لە لایەن بەرپرسانی سعوودیە دەکات.
ئیخوان موسلیمین راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا ھاتووە "بە خەمبارییەکی زۆرە چاودێری تۆمەتەکانی بەرپرسانی سعوودیە دەرھەق بە ئیخوان و دروستکردنی پەیوەندی رێکخستنمان بە تیرۆر و توندوتیژی دەکەین و ئیدانەی دەکەین".
لە راگەیەندراوەکەدا ھەروەھا ھاتووە "لەوەتەی دامەزراندنی ئیخوان، پەیوەندی و ھاوسۆزی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو و ئیدارەکانیان دروستکردووە و خزمەتی لە رووی کولتووری، زانستی، سیاسی و ئابووری پێشکەشکردووە و جگە لەوانەی سپلەن کەس نکۆڵی لەمە ناکات".
لە دوای کودەتا سەربازییەکەی ٣ی تەمووزی ٢٠١٣ لە میسر، سەرەتا میسر دواتر سعوودیە و ئیمارات، ئیخوان موسلیمینیان وەک "رێکخراوی تیرۆریستی" راگەیاند.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر دوێنێ لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەوانان لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا رایگەیاند بۆ دووبارە چاککرددنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی، پێویستە قەتەر چەند ھەنگاو بۆ کۆتایی ھێنان بە پشتیوانی حەماس و ئیخوان موسلیمین بنێت.