Hamit Hüseyin
12 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2015
شێخان
گەورە پیاوی ئایینی ئێزیدی داوا دەكات كە شنگال ئاوادەن بكرێتەوە و ئەو كچانەی ئێزیدی كە تا ئێستا لە دەست تیرۆریستانی داعشدا ماون رزگار بكرێن.
بابێ شێخی ئێزیدی كە وەك مەرجەعێكی گەورەی ئایینی لە نێو ھەموو جیھان ناسراوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بانگەوازی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، عێراق و ھەرێمی كوردستان دەكەم كە بە ھانای شنگالەوە بێن و ئاوەدانی بکەنەوە".
بابێ شێخ گوتی: "ھەرچەندە ئازادكردنی شنگال خوشحاڵی بۆ ھەموومانی ھێنا بەڵام ئەوەی زیاتر ئازاری ئێمە دەدات بە پلەی یەكەم پرسی كچانی ئێمەیە کە لە دەست تیرۆریستانی داعشن و پاشان ئاوادانكردنەوەی شنگال ھەر بۆیەش داواكارم لە ھەموو لایەك كە یارمەتیمان بدەن".
بابێ شێخ دەڵێت "ئێمە وەك ئێزدی ھەمیشە لەگەڵ مرۆڤ دۆستی و یەكرێزی بووین و خۆمان لەشەڕ و ئاشووب و توندوتیژی بەدوور دەگرین، ھەر بۆیەش داواكارین كە ھەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رەوشی ئێمە لەبەرچاو بگرێت و یارمەتیدەری ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئازادكردنی كچانی ئێمە بن".
لە درێژی قسەكانیدا بابێ شێخ گوتی: "لە ئێستا دیارە كە ماوەی دوو ساڵە خەڵكی ئێمە ئاوارەی چیاكان و چەند دەڤەرێكی ھەرێمی كوردستان بوونەتەوە و ئەوان لە بارێكی سەخت و نەھامەتی دەژین، ھەر بۆیە خوازیارین بگەڕینەوە بۆسەر زێدی خۆیان".
بابێ شێخی ئیزیدی لە كۆتاییدا بانگەواز بۆ ھەموو جیھان دەكات و دەڵێت "ئێستا كاتی رووناكی و گەشەسەندنە و پێویستە شەڕانگێزی نەمێنێت بۆ ئەوەی خوای گەورە رەحممان پێ بكات، داواكارم دەوڵەتانی زلھێز و ھەموو رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی و ھەموو ئەندازیارانی خێرخوازی جیھان، بەشداری بكەن لە ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكانی ئێمە".