Hemin Hüseyin
19 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2017
هەولێر-AA
لە میانی بانگەشەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی لە شارۆچکەی سۆران لە گردبوونەوەیەکی جەماوەریدا گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "ئێوە ریفراندۆمی خۆتان کرد بە کردەوە، ئەم ناوچەیە مەڵبەندی شۆڕش و خاوەنی سەدەها شەهیدی قارەمانە، بە راستی ئەمە سەروەرییە و خۆشترین رۆژ، بڕیاری ریفراندۆم لە رۆژی حەوتی مانگی شەش بڕیاری هەموو حزب و لایەنێک بوو و بڕیارێکی بوێرانە بوو دەستخۆشیان لێ دەکەم، چونکە ئەوە بڕیاری تاکە کەس و تاکە حزب نییە و بڕیاری هەموومانە و بۆیەش ئەو بڕیارە درا چونکە هیچ رێگایەکی دیکە لەبەردەمماندا نەماوە و هەموو رێگاکانمان تاقیکردەوە، رێگاکانی لامەرکەزی و ئۆتۆنۆمی و رێگاکانی دیکە کە بە داخەوە لەگەڵ فەرهەنگێک کە بڕوایان بە پێکەوەژیان نییە و بڕوایان بەوە نییە لایەنی دیکە قبووڵ بکەن".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوای لە گەلی کوردستان کرد کە بۆ بانگەشەی ریفراندۆم تەنها ئاڵای کوردستان بەرزبکەنەوە و ئاڵای پارتەکان و وێنەی کەسایەتییەکان داگرن و گوتی: "پێش ئەوەی بێمە سەر بابەتەکە داواتان لێ دەکەم تەنها ئاڵای کوردستان هەڵکەن و ئاڵای حزبەکان بهێننە خوارەوە و تەنها وێنەی شەهیدان و ئەنفال بەرزبکەنەوە و وێنەی کەسایەتی بەرزمەکەنەوە".
لە درێژەی قسەکانیدا، بارزانی گوتی: "ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ عێراق ببینە دوو دراوسێی باش و شەراکەت شکستی هێنا و لە بیرمە یەکێک لە سەرکردەکان گوتی حەز ناکەین بگاتە ئەو ئاستە بەڵام ئەگەریش گەیشتە ئەو ئاستە ئەوا دەبێت بە خۆشی لەیەکیتر جیاببینەوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتیشی: "من بە دەرفەتی دەزانم بۆ خەڵکی کوردستان روونی بکەمەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هەموویان زۆر نەرم بوون لەگەڵ ئەو بابەتەدا، بەڵام ئەم ماوەیە وەک دەبینین گۆڕانێک بەسەر هەڵوێستیاندا هاتووە و پرسیار ئەوەیە، بۆ ئەم گۆڕانکارییە بەسەر هەڵوێستەکانییاندا هاتووە، هەموومان دەزانین پێشتر کەس بە جیددی ئەو بابەتەی وەرنەگرتبوو، نە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نە بەغدا. هەندێک دەیانگوت کارتی فشارە، پاشان دڵیان بەوە خۆش بوو دەیانگوت کە لە ناوخۆیاندا تەبا نین بەڵام یەکێک لە نیعمەتەکانی ریفراندۆم دەرکەوت بۆ هەموو جیهان کە بڕیاری ریفراندۆم بڕیاری گەلی کوردستانە و بڕیاری تاکە کەس نییە و یەکڕیزی گەلی کوردستان گەڕایەوە و پەرلەمان کاراکرایەوە و ئیستا هەموو جیهان دەزانێت کە بڕیاری ریفراندۆم بڕیاری گەلە و گەل سوورە لەسەر بڕیاری خۆی".
بارزانی ئاماژەیشی بەوەکرد کە ئێستا وڵاتانی دیکە هاتوونەتە سەر خەت و گوتی: "هەموو جیهان هاتووەتە سەرخەت، ریفراندۆم ئامرازە نەک ئامانج و ریفراندۆم بۆ ئەوەی بە هەموو جیهان بگەیەنین کە ئێمە سەربەخۆییمان دەوێت و هەمیشە گوتوومانە ئەگەر بەدیلێک هەبێت جێگای ریفراندۆم بگرێتەوە هیچ کێشەیەکمان نییە و ئەگەر بەدیلێک نەبێت ئەوا مەحاڵە ریفراندۆم دوابخرێت".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی گوتیشی: "رۆژی ٢٥ی نۆ ئاهەنگ دەگێڕین ئەگەر ئەو بەدیلە بە دەستمان نەگەیشت ئەوا ریفراندۆمی خۆمان دەکەین چونکە ساڵانی رابردوو بە ئەزموونێکی زۆر تاڵدا تێپەڕیووین و بڕوا بە هیچ وەعدێکی زارەکی ناکەین و دەبێت بە زمانێک بنووسرێت هیچ تەفسیرێکی بۆ نەکرێت و ئێمە سەربەخۆییمان دەوێت، بە راستی من ئێستا هەستی پێ دەکەم لەدوای ٢٠٠٣ هەڵەمان کرد چووینەوە بەغدا بەڵام بە نیەتێکی پاك و بە دڵێکی ساف چووینەوە، ئێمە کە چووینەوە بۆ ئەوەی ببینە شەریک و بەڵام قبووڵیان نەکرد و ئێمەش خزمەتکاری بۆ هیچ کەس قبووڵ ناکەین".
لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێ کرد و گوتی: "داوا لە دراوسێکان دەکەم بە زمانی هەڕەشە قسەمان لەگەڵ نەکەن چونکە هەڕەشە لە کەس قبووڵ ناکەین و هەلێکە بۆ ئەم گەلە هاتووەتە پێش بۆ ئەوەی گوزارشت لە بۆچوونی خۆی بکات، لەگەڵ ئەوەشدا بۆ هەر گفتوگۆیەک مافی خۆمانە داوای گەرەنتی تەواو بکەین".
بارزانی گوتیشی: "بڕیارەکانی پەرلەمانی عێراق هەمووی دژ بە هەرێمی کوردستانە بەڵام دڵنیابن بڕیارەکان ناگەنە هەرێمی کوردستان و هەرچی دەڵێن با بیڵێن".
داواشی لە گەلی کوردستان کرد کە لێبوردە بن بە نموونە باسی لە خۆڕادەستکردنەوەی سێ لیوای سوپای عێراق کرد لە راپەڕینی ساڵی ١٩٩١ کە بە شێوەیەکی ئینسانی مامەڵەیان لەگەڵدا کرا و گوتی: "ئەمە ئەو سوپایە بوو کە گەلی کوردستانی ئەنفال و کیماباران کرد".