Dlshad Saifaalddin Ahmed
19 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 21 ئەیلوول 2017
سلێمانی ـ AA
لەو پەیامەدا بەرهەم ئەحمەد ساڵح رایگەیاندووە "هیچ گومانی تیادا نییە، گەلی كوردستان خاوەنی مافی دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیەتی. بێ دوودڵی دەنگی من و هاودیدەكانمان، لەگەڵ دەنگی زۆرینەی گەلی كوردستان، بۆ سەربەخۆییە. بەڵام دەسەڵاتی باش و دادپەوەر، حوكمڕانی باش، ئامڕازی بەجێگەیاندنی سەربەخۆییە. ستەمكاری و لەدەستدانی متمانەی هاووڵاتی بە حوكمڕانی سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسین بۆ سەربەخۆیی. بێگومان بەڵێی ئێمە بۆ سەربەخۆیی پێداگریشە لەسەر حوكمڕانی باش و دادپەروەر خزمەتگوزاری هاووڵاتییان، پێداگریە لەسەر یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و دامەزراوەكانی حوكمڕانی دیموكراتیە".
لە پەیامەكەی بەرهەم ئەحمەد ساڵح هاتووە "بڕواشمان وایە، لەم رووەوە بڕیاڕی ژیر و مەدروس، دایەلۆگ لەگەل بەغدا و دراوسێكان و كاركردن لەسەر كۆمەڵگەی نێودەولەتی پێویستە، بۆ ئەوەی سەربەخۆیی كوردستان ببیتە مایەی خۆشگوزەرانی و ئاشتەوایی بۆ گەلی كوردستان و بۆ ناوچەكە".
لە بەشێكی تری پەیامەكەیدا، بەرهەم ئەحمەد ساڵح داوا دەكات بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بكرێت، "سەربەخۆیی تەنها بۆ ئەم نەوەیە نییە، گەنجانی ئەم وڵاتە و نەوەكانی داهاتوو لەگەڵ ئاكامی بڕیاڕی ئەمڕۆمان دەژین، بۆیە دەبێت بە بەرپرسیارێتیەوە هەنگاو بنێین، دایەلۆگ و تیگەیشتنمان لەگەڵ گەلانی دراوسێ پێویستە بۆ دورخستنەوەی كوردستانی ئەمڕۆ و ئایندە لە ئاشوب و شەڕ".
بەرهەم ئەحمەد ساڵح، جێگری دووەمی سكرتێری گشتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بەڵام ماوەی سێ ساڵە چالاكی سیاسی نییە و لەسەر پرسی ریفراندۆمیش لەم ماوەیەی رابردوودا بێدەنگ بووە و، لە ئێستاشدا لیستێكی نوێی بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێمی كوردستان جیاواز لە حزبەكەی پێشكەش كردووە.