Rewa Mahmood Hasan
30 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2023
سلێمانی - AA
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی بە یاوەری بڕیاردەری دەستەی کارگێڕیی یەکێتی، رەفعەت عەبدوڵڵا و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حزبەکە، خالید شوانی لە شاری بەغدا سەردانی سەرۆکی رەوتی حیکمە، عەممار حەکیم-ی کرد.
لە راگەیەندراوێکدا کە ئۆفیسی سەرۆکی یەکێتی بڵاوی کردووەتەوە ئاماژە بەوە کراوە کە دوای سەردانێکی وەفدی یەکێتی کە سەرۆکی حزبەکە، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکایەتی دەکات بۆ شاری بەغدا لەگەڵ سەرۆکی رەوتی حیکمە، سەید عەممار حەکیم کۆبوونەوە.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە سەردانەکەدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی پرسە و هاوخەمی خۆی و حزبەکەی بۆ کۆچی دوایی سەید سادق حەکیم، کوڕی ئایەتوڵلای عوزما محەمەد باقر حەکیم گەیاندە عەممار حەکیم و بنەماڵەکەی و رایگەیاند، ''دۆستایەتی لەمێژینەی سەرۆک مام جەلال (سکرتێری پێشووی یەکێتی) و بنەماڵەی حەکیم بناغەیەکی قوڵ و لەمێژینەی هەیە و ئێمەش درێژەپێدەری دەبین. پشتیوانی و رۆڵی جوامێرانەی ئێوە (بنەماڵەی عەممار حەکیم) لە قۆناغە جیاوازەکانی خەباتدا لەیاد ناکەین و بە چاوی رێزەوە لێی دەڕوانین".
هەر لە دیدارەکەدا گفتوگۆی هەمەلایەنە لەبارەی کێشەکانی هەرێم و عێراق کراو جەخت لە چارەسەرکردنیان و بەردەوامی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لەنێوان هەردوولا کرایەوە لە پێناو هێنانەدی ئامانجە باڵاکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە خەڵک و پشتگیریکردن لە بەرنامەی چاکسازی لە وڵاتدا.