سلێمانی
خوزەیر خوزاعی جێگری سەرکۆماری عێراق لەبارەی تەندروستی جەلال تاڵەبانی بۆ AA گوتی"بەرەو پێشچوون ھەیە لەباشبوونی تەندروستی سەرۆک کۆمار، بەپێی ڕاپۆرتی پزیشکەکانیش ڕۆژانی داھاتوو بەرەو پێشچوونی زیاتر بەخۆوە دەبینێ، بەڵام بەھۆی زۆری تەمەنەکەیەوە ئەو پێشکەوتنە ھێواش و لەسەرخۆیە".
خوزاعی دوێنێ چوارشەممە لەشاری سلێمانی لەگەڵ (ھێرۆ ئیبراھیم ئەحمەد) خێزانی جەلال تاڵەبانی دیدارو کۆبوونەوەی کرد.
لەدوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان، خێزانی تاڵەبانی گوتی " لەبارەی تەندروستی مام جەلال مژدەی خۆش بەڕێوەیە" ھێرۆ ئیبراھیم وردەکاریی زیاتر باسنەکرد.
بۆ قسەکردن لەبارەی رەوشی تەندروستی جەلال تاڵەبانی تەنیا (د. نەجمەدین کەریم) یەکێک لەدکتۆرە تایبەتەکانی تاڵەبانی و پارێزگاری کەرکوک، رێیپێدراوە ھەواڵ وبەرەوپێشچوون لەبارەی نەخۆشییەکەی رابگەیەنێ.
ناڕۆشنی تەندروستی جەلال تاڵەبانی چەند مانگە بووەتە پرسێکی گرنگ لەعێراق و ھەرێمی کوردستاندا، بنەماڵەکەی رێگری دەکەن لەھەر کەسێ بیەوێ سەردانی بکات لەنەخۆشخانە.
دوو مانگ لەمەوبەر، پرسی جێگرتنەوەی تاڵەبانی وەکو سەرکۆمار بووە باس و خواسی نێوان چەند سیاسەتوانێکی شیعە لەبەغدا. بەڵام ھەرزوو لەلایەن گوتەبێژی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەڵامی درانەوەو رەتیکردەوە بەم نزیکانە جێگرەوەی تاڵەبانی قەبوڵ بکەن.
حەفتەی رابردوو راگەیەنرا تیمێک لەپیاوانی سیاسی و ئەندام پەرلەمانی عێراق دەچنە دیدەنی تاڵەبانی لەنەخۆشخانە.
سیاسەتوانی کوردو ئەندامی پەرلەمانی عێراق ( دکتۆر مەحمود عوسمان) بۆ AA گوتی " ھیچ ھۆکارێکی ئەوتۆ نییە کە سەردانی سەرکۆمار قەدەغە بکات لەنەخۆشخانە، پێویستە پزیشکەکان ڕاپۆرتێ لەسەر تەندروستی و رەوشی ئێستای مام جەلال بڵاوبکەنەوە، چونکە دەبێ وەڵامی ئەو پرسیارانە بدرێنەوە کەلەو بارەیەوە دەکرێن".
پێشتر چەندین سەرکردەی حیزبەکانی کوردستان لەوانە (مەسعود بارزانی) سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و (محەمەدی حاجی مەحموود) سکرتێری حیزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان چوونە ئەڵمانیا تا لەنەخۆشخانە سەردانی تاڵەبانی بکەن، بەڵام رێیان پێنەدرابوو بچنە.
جەلال تاڵەبانی شەوی ٢٠١٢/١٢/١٧ لەشاری بەغدا دووچاری جەڵتەی مێشک ھات و سێ رۆژ دواتر رەوانە کرا بۆ وڵاتی ئەڵمانیاو لەو کاتەوە تا ئێستا لەنەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە لەژێر چاودێری وردی پزیشکدایە.