جنیڤ
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یەمەن ئیسماعیل وەلدشێخ ئەحمەد رایگەیاند؛ "لە درێژەی دانوستانەكانی جنێڤدا لە راگەیاندنی ئاگربەست زۆر نزیكبووینەتەوە، بەڵام نەگەیشتوون بە هیچ رێككەوتنێك".
لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە نووسینگەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە شاری جنێڤ، ئەحمەد هاتنی لایەنەكانی یەمەنی بۆ جنێڤ بە سەركەوتنێكی گەورە لە قەڵەمدا، هاوكات بەشداری لە دانوستانەكاندا بە ئەرێنی وەسف كرد، وەك زەمینە سازییەك بۆ كۆبوونەوەكانی داهاتوو.
ئەحمەد، ئاماژەی بە بارودۆخی مرۆیی یەمەن كرد و رایگەیاند؛ "بەتایبەتی لە مانگی رەمەزاندا هەوڵەكانیان دوو هێندە دەكەن بۆ ئەوەی ئاگربەستی مرۆیی رابگەیەندرێت".
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یەمەن ئەوەشی خستەڕوو كە دەرگایان واڵایە بۆ بەردەوامی دان بە دانوستانەكان و گوتی: "سبەینێ سەردانی نیویۆرك دەكات و زانیاری لەبارەی كۆبوونەوەكان دەدات بە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بان كی مون".
ئەحمەد باسی لەوە كرد كە چاوەوڕوانی ئەوە نەبوون لە یەكەم كۆبوونەوەدا بەسەر هەموو سەختیەكاندا سەربكەون و گوتی: "ئەگەر كۆبوونەوەكان بەردەوام بن، ئەوا دەتوانین لەگەڵ كشانەوەدا بە ئاگربەست بگەین،من گەشبینم بەو بابەتە".
نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ یەمەن ، باسیشی لەوە كرد كە كاتی بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەی داهاتوویان دیاری نەكردووە و گوتی: "یەمەنییەكان بڕیار دەدەن لە بەردەوام بوون و بەردەوام نەبوونی دانوستانەكان، پێش كۆبوونەوەكانی داهاتوو هەموو كارێك دەكەین بۆ ئەوەی ئاگربەستی مرۆیی رابگەیەندرێت".