سلێمانی
كۆنفراسەكە لە هۆڵی مەم و زین لە شاری سلێمانی لەلایەن رێكخراوی مەشق بۆ گەشەپێدانی دیموكراسی و میدیا بە هاوكاری وەزارەتی پێشمەرگە ساز كراوە، تێیدا ژمارەیەك لە پەرلەمانتاران و بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و مامۆستایانی زانكۆ و نوێنەری كەناڵەكانی راگەیاندن بەشدارن و دروشمی كۆنفراسەكەش " با میدیاكانمان نەبنە سەكۆی بانگەشە بۆ داعش".
" رێكخستنەوەی میدیای كوردی لە پرسی مامەڵەكردندا لەگەڵ داعش"
سەرپەرشتیاری كۆنفراسەكە مەم بورهان قانع لە سەرەتای كۆنفراسەكەدا گوتی: "ماوەی ساڵێك زیاترە بە هۆی پەلكێشانی چەكدارەكانی رێكخراوی تیرۆریستی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) بۆ ناو خاكی عێراق و كۆنترۆڵكردنی سێیەمین گەورە شاری عێراق، باری ئەمنی عێراق بە گشتی و سنووری هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو گرووپە بەردەوام پێكدادان و بەریەكەوتنی بەخۆوە بینیوەو ئامارەكانی نافەرمی باس لە شەهیدبونی زیاتر لە هەزار و 500 پێشمەرگە و برینداربوونی هەزارانی تر دەكەن".
ئەو گوتی: "ئەم كۆنفراسە بانگەشە دەكات بۆ رێكخستنەوەی میدیای كوردی لە پرسی مامەڵەكردندا لەگەڵ داعش و دژی هەر هەوڵێكیشە كە بدرێت بۆ كۆت و بەندكردنی ناپیشەیی كاری ئازادی كاری میدیایی لە هەرێمی كوردستان، بەڵام بەپێویستی دەزانێت لە كاری میدیاییماندا رووبەرێك بمێنێتەوە بۆ بەرپرسیارێتی و پیشەیی و بەرگرتن لەوەی بە ناوی ئازادی رۆژنامەوانییەوە زیان بگەیەنرێت بە بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانی و كۆمەڵایەتییەكانی هەر تاكێكی هەرێمی كوردستان ".
"داعش سوودی گەورەی لە راگەیاندن وەرگرتووە"
یەك لە بەشداربوانی كۆنفراسەكە دكتۆر كەمال سەعدی مستەفا لە لاپەڕەكەیدا لە بارەی راگەیاندن و داعشەوە گوتی: "داعش لە سەرەتای سەرهەڵدانییەوە سوودێكی زۆری لە راگەیاندن وەرگرتووە و بەو پەڕی شارەزاییەوە بەكاریهێناوە و دەهێنێت لە جەنگی راگەیاندندا، بۆ ئەو مەبەستەش گشت كەناڵەكانی راگەیاندنی بینراو و بیستراو و چاپكراو و ئینتەرنێتی بەكار هێناوە بۆ گەیاندنی چالاكی و هەواڵەكانی بۆ زۆرترین چین و توێژ لە جەماوەر".
ئەو گوتی: "بڵاوكردنەوەی چالاكی و كردەكانی تیرۆریستی داعش لەلایەن كەناڵەكانی راگەیاندنی نێوخۆیی و سەتەلایتەكانەوە كارێكی نابەرپرسیارانەیە و خزمەتێكی بێبەرامبەری ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە دەكات و كاردانەوەیەكی گەورەی لەسەر هەست و نەست و دەرونی هاووڵاتییان دەبێت و هەستی ترس و دڵەڕاوكێ و تۆقاندنیان لەلا دروست دەكات. بەمشێوەیە كەناڵە نێوخۆییەكان لە بری ئەوەی پەرپەرچی پروپاگەندەكانی داعش و تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتییان بدەنەوە ، بەشداری دەكەن لە بڵاوكردنەوەی پروپاگەندەكانیدا".
ئەو مامۆستایەی زانكۆ بڵاوكردنەوەی هەواڵەكانی داعشی لەكەناڵەكانی راگەیاندنەوە بە دەستدرێژی بۆسەر مافەكانی مرۆڤ و بڵاو كردنەوەی ترس و دڵەڕاوكێ و تۆقاندن و جەنگی دەروونی و نمایشكردنی هێز و توانای داعش ناوبرد، داواشی لە گشت كەناڵەكانی كوردی كرد لە بڵاوكردنەوەی هەواڵەكاندا رەچاوی بنەماكانی مافی مرۆڤ بكەن.
"سەرۆكایەتی هەرێم و وەزارەتی پێشمەرگە كەمترین كۆنگرە و لێدوانیان داوە"
سامان فەوزی مامۆستای راگەیاندن لە زانكۆی سلێمانی و پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق گوتی: "سەرۆكی هەرێم فەرماندەی گشتی هێزەكانی چەكداری كوردستانە، لە ماوەی یەك ساڵی شەڕی پێشمەرگە لەگەڵ داعش كەمترین راگەیەندراوی سەربازی بڵاوكردۆتەوە كە لەو ماوەیەدا ناگاتە دە لێدوان و راگەیەندراو، ئەوەش رێگا خۆش دەكات بۆ راگەیاندنەكان كە بەشێوازی دیكە و لە سەرچاوەی دیكەوە زانیارییان دەست بكەوێت و بڵاویان بكەنەوە".
فەوزی هەروەها نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێم لەماوەی ئەو شەڕەدا كەمترین كۆنگرەی رۆژنامەوانیان سازكردووە و زۆرجار بەرپرسانی وەزارەتەكە لێدوانی دژ بەیەكیان داوە، ئەوەش وای كردووە راگەیاندنەكان خۆیان بچنە بەرەكانی جەنگ و لێدوان و زانیاری لەسەر بەرەكانی جەنگ كۆبكەنەوەو چەندین زانیاری مەترسیدار و نهێنێ بڵاو بێتەوە.
ئەو بۆ باشتر بەدیهێنانی بەرژەوەندی گشتی لە كوردستان چەند داواكارییەكی لە لایەنەكان كردووە، لەوانەش كاراكردنی فەرمانگەی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە و بەستنی كۆنگرەی رۆژنامەوانی بەشێوازێكی رێكی هەفتانە لە رۆژ و سەعاتێكی دیاریكراودا.
"گەڕانەوەی تیرۆر لە فەزای تۆڕی پەیوەندیدا"
نووسەر و رۆژنامەنووس و بەشداربووی كۆنفراسەكە جەمال حسێن گوتی: "لە چوارچێوەی كۆمەڵگای نوێی تۆڕی پەیوەندیدا، یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی ئەو دنیا تازەیە گەڕانەوەی تیرۆرە لە فەزایەكدا كە لەدەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەت و دەسەڵاتە تەقلیدییەكانە، بەخشینی چانسی زیاترە بۆ بزووتنەوەكانی تیرۆریستی و بیرو بۆچوونەكانی ئایدۆلۆجی تا خۆیان نمایش بكەن و هاوسۆز و لایەنگرانیان رێك بخەنەوە".
جەمال حسێن هەروەها گوتی:" ئەگەر تەكنەلۆجیای پەیوەندی بەو شێوە فراوانە بە جیهاندا بڵاو نەبوایەتەوە ، داعش و گرووپەكانی دیكەی تیرۆریستی بەو ئەندازەیە بایەخیان بەو كەرتە نەدەدا، لەسەر زەمینەی واقعیش نە ئەو ژمارە زۆرەی لایەنگرانیان بۆ كۆدەكرایەوە نە دەشیانتوانی ئەوەندە خۆیان بگرن".
ئەو داوای كرد كەناڵەكانی فەرمی راگەیاندن بە وریاییەكی زیاتر و بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە مامەڵە لەگەڵ كۆی ئەو هەواڵ و وێنانەدا بكەن كە لە تۆڕی پەیوەندیدكردن و سایتەكانی ئەو رێكخراوانەوە بڵاو دەكرێتەوە، دەزگاكانی ئەمنیش لە فەزای تۆڕەكانی پەیوەندی هەوڵی بەرگرتن لە كردەكانی تیرۆریستی بگرن.
" ئازادی رەها وەك دیكتاتۆریەت بۆ تەندروستی كۆمەڵگا زیانبەخشە "
سەرۆكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان ئاری هەرسین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئازادی رەها وەك دیكتاتۆریەت بۆ تەندروستی كۆمەڵگا زیان بەخشە، پێویستمان بە میدیایەكی نیشتمانییە كە نوێنەرایەتی دەسەڵاتی چوارەم بكات و بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ پرسە نیشتمانییەكان بكات".
هەرسین گوتی:" دەزگاكانی ئەمنی و سەربازی و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەكەڵك وەرگرتن لە پسپۆڕانی نێوخۆ و دەرەوەو بە پلانێكی تۆكمە دەتوانن هەوڵی پڕكردنەوەی ئەو كەلێنە مەترسیدارە بدەن و بەشێكی كەموكوڕییەكانی ئەم پرسە لە مامەڵەكردنی میدیاكان لەگەڵ جەنگی داعش چارەسەر بكەین".