Mohammed Baqi Hussein
16 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2016
واشنتۆن
كۆشكی سپی رایگه‌یاند، داهاتی سه‌رۆكی ئه‌مریكا باراك ئۆباما و میشێلی هاوسه‌ری له ساڵی 2015دا بریتی بووه له 436 هه‌زار دۆلار و بڕی 81 هه‌زار دۆلار باجیان داوه.
كۆشكی سپی ورده‌كاریی داهات و باجی هه‌ریه‌ك له سه‌رۆكی ئه‌مریكا و جێگره‌كه‌ی جۆ بایدن و هاوسه‌ره‌كانیان له ساڵی 2015دا بڵاوكرده‌وه.
به‌پێی روونكردنه‌وه‌كه‌ی کۆشکی سپی، داهاتی سه‌رۆكی ئه‌مریكا باراك ئۆباما و میشێلی هاوسه‌ری له ساڵی 2015دا بریتی بووه له 436 هه‌زار دۆلار و بڕی 81 هه‌زار دۆلار باجیان داوه كه ده‌كاته رێژه‌ی سه‌دا 18،7ی داهاته‌كه‌یان.
هەر به‌پێی روونكردنه‌وه‌كه‌ی كۆشكی سپی، خێزانی ئۆباما له ساڵی رابردوودا بڕی 64 هه‌زار دۆلاریان به‌خشیوه به دامه‌زراوه‌کانی خێرخوازیی و زۆرترین بڕی یارمه‌تییه‌كان بریتی بووه له 9 هه‌زار دۆلار کە به وه‌قفی Fisher House به‌خشراوه.
روونكردنه‌وه‌كه ده‌ری ده‌خات کە مووچه‌ی ساڵانه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا باراك ئۆباما بریتییه له 394 هه‌زار دۆلار.
هه‌ر به‌پێی روونكردنه‌وه‌كه داهاتی 2015ی جێگری سه‌رۆكی ئه‌مریكا جۆ بایدن و هاوسه‌ره‌كه‌ی بریتی بووه له 392 هه‌زار دۆلار و بڕی 91 هه‌زار دۆلار باجیان داوه.