Muhammet Ali Kemal
07 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 08 ئەیلوول 2017
ئەنقەرە- AA
تەرمی ١١ کەس دۆزرایەوە کە لە ئەنجامی نقومبوونی دوو بەلەم کە موسوڵمانانی هەڵاتووی هەرێمی ئاراکانی میانماریان دەگواستەوە، خنکابوون.
بە پێی ئەو هەواڵانەی لە میدیای بەنگلادیشدا بڵاوکراونەتەوە، بەرپرسی لۆکاڵیی ئاسایش، کانچان دانتی داس ئاماژەی بەوەکرد دوو بەلەم کە موسوڵمانانی هەرێمی ئاراکانیان دەگواستەوە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە ئاوی رووباری ناف نێوان میانمار و بەنگلادیشدا نقومبوون.
کانچان دانتی داس باسی لەوەشکرد مەزەندە دەکرێت هەر بەلەمێک ٢٠-٢٥ کەسی هەڵگرتبێت، ئاشکراشی کرد هێزەکانی پۆلیسی بەنگلادیش تەرمی منداڵێکی تەمەن ١٨ مانگەیان لە کەناراوەکانی کەنداوی بەنگال لە ناوچەی شاملاپور دۆزیوەتەوە.
داس راشیگەیاند ''تەرمی ١٠ موسوڵمانی دیکەی ئاراکانمان لە کەناراوەکانی کەنداوی بەنگال لە نزیک شارەدێکانی ناوچەی تەکناف دۆزیوەتەوە''.