بەرلین
بە پێی ئەو ئەنجامەی كه لهلایهن کۆمسیۆنی فیدراڵی ھەڵبژاردنی پهرلهمانی ئهوروپاوه ئاشکرا کراون، لە ئەڵمانیا ١٤ پارتی بەشدارییان لە ھەڵبژاردن کردووە و ٩٤ کورسییان بەدەستھێناوە.
دوای ھەڵوەشاندنەوەی بەربەستی سەدا سێی ھەڵبژاردن لە لایەن دادگای دەستووری ئەڵمانیاوە ھەشت پارتی گچکەی ئەو وڵاتە بۆ جاری یەکەم توانیان كورسی پەرلەمانی ئەوروپا بهدهستبێنن.
پارتی راستڕهوی دژی بێگانەکان نهدهپه لە ئەڵمانیا کە بە پارتی نەتەوەپەرەستی دیموکرات ناسراوە، توانیویەتی سەدا یەکی دەنگەکان بەدەستبێنێ و پەرلەمانتارێک روانەی پەرلەمانی ئەوروپا بکا.
ئهو پارته کە بە ھۆی بەربەستی سەدا پێنج لە ھەڵبژاردنی فیدراڵدا نەیتوانیوە ببێتە خاوەن کورسی، سەرۆکی پێشووی خۆی کردۆتە سەرۆک لیستی ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی ئەوروپا و بەو جۆرە ئودۆ ڤۆیگت وەکو پەرلەمانتاری پارتی نەدەپە نوێنەرایەتی ئەو پارتە لە پەرلەمانی ئەوروپا دەکا.
ههروهها پارتی بەرگریکردنی ئاژەڵان، پارتی کۆرسانەکان کە پارتی پاراستنی مافی ئینتهرنێت و گەیاندنە، پارتی دەنگدەری ئازاد، پارتی خانەوادە، پارتی دیموکراتی ژینگە و ئەکۆلۆژی و پارتی دیە کە لە لایەن خاوەن گۆڤاری کاریکاتوریستی تیتانیکەوە دامەزراوە، توانیویانە ھەریهكهو كورسیهكی پهرلهمانی ئهوروپا بهدهست بهێنن.
پارتی ئهلتهرناتیفی ئەڵمانیا کە بە پارتی دژی یورۆ ناسراوە بۆ یەکەمجار بەشداری ئەو ھەڵبژاردنەی کرد و توانی سەدا حەفتی دەنگەکان بەدەستبێنێ و حەفت کورسی لە پەرلەمانی ئەوروپا مسۆگهر بكا.
ئەو پارتە کە ٢٢ی ئەیلوولی ساڵی رابردوو دامەزراوە و لە ھەڵبژاردنی ئەڵمانیادا سەدا ٤.٧ی دەنگەکانی بەدەستھێنا، بە ھۆی تێپەڕ نەکردنی بەربەستی سەدا پێنج نەیتوانیبوو بچێتە پەرلەمانەوە.
پارتی ئافەدە کە لایەنگری یەکێتی ئەوروپایە، ئیدیعای ئەوە دەکا کە پارەی ھاوبەشی یەکێتی ئەوروپا لە دژی بەرەژوەندییەکانی خەڵکی ئەڵمانیایە، بۆیە داوای گۆڕانکاری گرنگ و ھەڵوەشاندنەوەی پارەی ھاوبەش دەکا و ههروهها لە دژی ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپایە و داوای راگرتنی دانوستانەکان بۆ وەرگرتنی تورکیا دەکا.
پارتی یەکێتی دیموکراتی مەسیحییەکان بە سەرۆکایەتی راوێژكاری ئهڵمانیا ئهنگێلا مێرکڵ لە ھەڵبژاردنی ئەمجارەدا سەدا ٠.٧ دەنگی کەم کردووەتەوە ورێژەی دەنگەکانی بوو بە سەدا ٣٠ و لە ٣٤ کورسی پەرلەمانی ئەوروپا پێنج کورسی لە دەست دا.
ھاوکات پارتی جەسە کە ھاوپەیمانی پارتەکەی مێرکڵە و دژی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپایە، دەنگی کەمی بەدەستھێناوه و رێژەی دەنگەکانی لە سەدا ٧.٢وە بۆ سەدا ٥.٣ دابەزیوه و لە ھەشت کورسی خۆی لە پەرلەمانی ئەوروپا سێ کورسی لەدەستداوە.
پارتی سۆسیال دیموکرات کە ئهویش ھاوپەیمانی مێرکڵە، توانی بە ڕێژەیەکی بەرچاو دەنگەکانی بەرز بکاتەوە و رێژەی دەنگەکانی بوو بە ٢٧.٣ و توانی لە پەرلەمانی ئەوروپا ژمارەی کورسییەکانی خۆی لە ٢٣ وە بۆ ٢٧ كورسی زیاد بکا.
بە پێی ئەو ئەنجامەی رەسمییانە کە ئەنجامی کۆتایی نین پەرلەمانتاری پارتی سەپەدە ئیسماعیل ئەرتوغ کە تورکە دووبارە ھەڵبژێردراوەتەوە.
ههر بەپێی ئەو ئەنجامانە، پارتی سەوز کە ئۆپۆزسیۆنە توانیویەتی سەدا ١٠.٧ دەنگەکان بەدەستبێنێ و ببێتە خاوەن ١١ کورسی، ئەمە لەکاتێکدایە کە فراکسیۆنه سەوزەکانی ئەوروپا ساڵی ٢٠٠٩ چوارده کورسیان ھەبوو.
پارتی چەپ کە ئەویش لە ئۆپۆزسیۆنە توانیویەتی سەدا ٧.٤ی دەنگەکان بەدەستەوە بھێنێ و ببێتە خاوەن حەفت کورسی.
پارتی راستڕهوی توندڕەوی دژی ئیسلام پرۆنرو، سەدا ٠.٢ی دەنگەکانی بەدەست ھێنا و نەیتوانی ببێتە خاوەن کورسییهك.
لە ئەڵمانیا رێژەی بەشداریکردن لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەوروپا له ئهڵمانیا سەدا ٤٨.١ بووە، ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ھەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩دا رێژەی بەشداریکردن لە ئەڵمانیا سەدا ٤٣.٣ بوو.