بەرلین
لە یاری كۆتایی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپادا ئەمشەو یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی و یانەی یوڤانتوسی ئیتاڵی لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەیەك گەیشتن. لە خولەكی چواری یارییەكەدا یاریزان راكیتیج گۆڵی یەكەمی بۆ یانەی بەرشەلۆنە تۆماركرد.
لە گێمی یەكەمی یارییەكەدا یانەی بەرشەلۆنە بە پاسی كورت یارییەكەیان كۆنتڕۆڵ كرد.
تا كۆتایی گێمی یەكەم ئەنجامەكە بە گۆڵێكی بێ بەرامبەر لە سوودی یانەی بەرشەلۆنە كۆتایی پێھات. گێمی دووەمی یارییەكە یانەی یوڤانتوس جموجۆڵی لە نێو یاریگەی بەرشەلۆنە زیاد كرد فشارەكانی بۆ سەر گۆڵی بەرشەلۆنە ئاكامی ھەبوو لە خولەكی 55ی یارییەكەدا مۆڕاتا توانی گۆڵی یەكسانی بۆ یانەی یوڤانتوس تۆمار بكات.
لە خۆلەکی 68ی یارییەکەدا گۆڵپارێزی یانەی یوڤانتوس توانی لێدانێکی بەهێزی مێسی بگەڕێنێتەوە بەڵام دواجار تۆپەکە کەوتە بەردەم سوارێز و ئەویش توانی بە لێدانێکی ناوازە تۆپەکە بخاتە تۆڕی یانەی یوڤانتوس.
ناوبژیوان گۆلێکی نەیماری بە گۆڵ هەژمار نەکرد، بەڵام ئەو هێرشبەرەی یانەی بەرشەلۆنا لە دواخولەکی یارییەکەدا بە گۆڵێک دەرئەنجامی یارییەکەی یەکلا کردەوە.
بەو شێوەیە ئەنجامی یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک لە سوودی یانەی بەرشەلۆنا کۆتایی پێهات و بەرشەلۆنە توانی نازناوی خولی چامپیۆنزلیگ بۆ وەرزی 2014-2015 بە دەست بهێنێ.