بەرلین
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا فرانک والتەر شتاینمایەر لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی بیلد ئام سۆننتاگ لەبارەی ناردنی چەک بۆ ھێزی پێشمەرگە بۆ شەڕی دژی داعش گوتی: "سەیر دەکەین چی پێویست بێ ئەنجامی دەدەین و پێویستە یەکێتی ئەوروپاش بۆ ھاوکاریکردنی ئەوانەی بە ھۆی ھێرشەکانی داعشەوە ئاوارە بوونە و ھەروەھا بۆ رێگریکردن لە پێشڕەوی داعش، ھاوکاری پێویست پێشکەش بکات."
شتاینمایەر ئاماژەی بەوە کرد کە ئاوارەکان پێویستییان بە شوێنی حهوانهوه و سوپای عێراق و بە تایبەتی ھێزی پێشمەرگە پێویستی بە ھاوکاری سەربازی ھەیە. لە بارەی ناردنی چەکەوە پێویستە بزانین کورد کە حاڵی حازر چەکی کۆنی روسی و ئەمریکی بەکار دەھێنێ، پێویستی بە چی ھەیە، بەڵام ئەوەی دیارە ئەوەیە کە کورد حاڵی حازر دەرفەتی ئەوەی نییە کە لەسەر سیستەمی چەکە رۆژئاواییەکان راھێنانی بۆ بکرێ."
شتاینمایەر لە وەڵامی پرسیارێک لە بارەی دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان گوتی: "دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی دەبێتە ھۆی نائارمی و ئاژاوەی نوێ لە ناوچەکەدا بە تایبەتی لەگەڵ وڵاتانی دەراوسێ عێراقدا دروست دهكات. ئێمە ھیوادارین یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزرێ و بە پێشەنگی حەیدەر عبادی حکومەتێک دابمەزرێ کە باوەشی بۆ ھەموو پێکھاتەکان کراوە بێ و بتوانێ لە بەرامبەر ھێرشەکانی داعش بەرگری لە خۆی بکا و بێگومان ئەمەیش دوایین دەرفەتە بۆ پاراستنی یەکێتی عێراق."
داعش دەیەوێ تیرۆری خۆی بگەینێتە سەرانسەری جیھان بە تایبەتی ئەوروپا بۆیە رێگریکردن لە پێشڕەوی کردنی داعش زۆر بە سوودی ئەوروپایە و بۆ ئەو مەبەستە کاربەدەستانی ھەولێر و بەغدا ھەموو ئیمکانیاتی خۆیان خستووەتە گەڕ و ئەگەر بێتۆ کۆمەڵگەی جیھانیش ھاوکارییان بکا ئەوا رێگری لە پێشڕەوی کردنی داعش دەکرێ.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی لە لێدوانێکدا بۆ ھەمان رۆژنامە ئاماژەی بەوە کردووە کە کورد لە چاوەڕوانی چەکی قورس و کاریگەرە و نەتەنیا لە ئەمریکا، بەڵکو لە ھاوپەیمانانی دیکەیش داوای چەکی قورس و کاریگەر دەکەین، ئەڵمانیایش یەک لەو وڵاتانەیە کە چاوەڕێ دەکەین چەکی قورس بنێرێ، ئێمە داوای ھێزی سەربازی ھیچ وڵاتێک ناکەین، تەنیا بۆ شەڕی دژی داعش داوای چەکی قورس و پێویست دەکەین.
بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردوه کە چەکی پێشکەوتوومان ھەیە و پێویستە لەسەر ئەو چەکانە راھێنان بە ھێزەکانمان بکەین، ئەوانەی کە لە بواری راھێناندا ھاوکارمان بن بە گەرمی پێشوازییان لێ دەکەین.
بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە لە سایەی ھێزی پێشمەرگە و بۆردمانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکادا ھەولێر ئارامە.
لە لایەکی دیکەوە بە پێی ئەنجامی راپرسییەک کە رۆژنامەی بیلد ئەنجامی داوە سەدا ٧٤ی ئەڵمانییەکان لە دژی ناردنی چەک بۆ کوردن بەتەنیا سەدا ٢٢ی ئەڵمانییەکان پشتگیری لە ناردنی چەک بۆ کورد دەکەن و سەدا ٨١ی ئەڵمانییەکان لە دژی ناردنی ھێزی سەربازی ئەڵمانیان بۆ ناوچەکە تەنیا سەدا ١٦ پشتگیری لە ناردنی ھێزی سەربازی ئەڵمانیا بۆ ناوچەکە دەکەن.