Ramal Abdullah Mahmood
20 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2018
ئه‌نقه‌ره - AA
سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی له‌باره‌ی ره‌وشی سووریاوه رایگه‌یاند "پێویسته ته‌نها خه‌ڵكی سووریا چاره‌نووسی وڵاته‌كه‌یان دیاری بكه‌ن. ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك رێز له یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا بگرێت و له‌مباره‌یه‌وه هه‌ردوو وڵات (توركیا و ئێران) به ته‌واوی هاوڕاین".
روحانی سه‌پاندنی گه‌مارۆ تاكلایه‌نه‌كانی ئه‌مریكای به‌سه‌ر وڵاته‌كه‌یدا به نایاسایی و سته‌مكارانه ناوبرد و سوپاسی سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان و حكوومه‌تی توركیای كرد به‌وه‌ی هه‌ڵوێستێكی روون و یه‌كلاییكه‌ره‌وه‌یان هه‌بووه به‌رامبه‌ر ئه‌و گه‌مارۆیانه‌ی ئه‌مریكا و گوتی: "ئه‌م (گه‌مارۆیانه) به‌پێچه‌وانه‌ی ئاكار، به‌رژه‌وه‌ندی هاوبه‌ش و یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه. ئه‌م كاره‌ی ئه‌مریكا دژی ئێران گرتوویه‌تییه به‌ر سه‌دا ١٠٠ كارێكی تیرۆریستییه".
سه‌ركۆماری ئێران ئاماژه‌ی به‌وه دا كه ئه‌مریكا به گه‌مارۆدانی ئێران ده‌یه‌وێت كارمه‌ندانی وڵاتان و كۆمپانیاكان بترسێنێت و به بیری هێنایه‌وه بڕیاری ژماره ٢٢٣١ نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان رێ به‌وه ده‌دات وڵاتانی جیهان بازرگانی له‌گه‌ڵ ئێران بكه‌ن و گوتی: "چه‌ند وڵاتێك بوونه‌ته به‌شێك له بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مریكا و بڕیاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تییان پێشێلكردووه. له‌و باوه‌ڕه‌داین سه‌رده‌می زۆربایی به‌سه‌رچووه له جیهان".
روحانی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا ئه‌مڕۆ له پێنجه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی هه‌ماهه‌نگی ئاستبه‌رزی توركیا-ئێران بڕیاریان داوه كۆسپه‌كانی به‌رده‌م پێشخستنی په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانیان لابده‌ن و به‌رده‌وامی بده‌ن به هه‌ماهه‌نگی له بواره جیاوازه‌كانی وه‌ك سیسته‌می بانكی، پیشه‌سازی، گومرک، گواستنه‌وه و گه‌یاندن، وزه، گه‌شتیاری و كولتووری نێوان هه‌ردوو وڵات و گوتی: "توركیا و ئێران ده‌توانن ئاسیا به ئه‌ورووپاوه، رۆژهه‌ڵات به رۆژئاواوه و باكوور به باشووره‌وه ببه‌ستنه‌وه".
سه‌ركۆماری ئێران سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا له كۆبوونه‌وه‌كه‌یاندا له‌گه‌ڵ سه‌ركۆماری توركیا ئه‌ردۆغان تاوتوێی ته‌وه‌ره هه‌رێمییه‌كانیان كردووه و له‌باره‌ی ره‌وشی سووریایشه‌وه توركیا، ئێران و رووسیا له میانی پرۆسه‌ی ئاستانا له هه‌ماهه‌نگی نزیكدا ده‌بن. بڕیاریشیانداوه بۆ به‌رده‌وامیدان به‌و هه‌ماهه‌نگییه و گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن كۆبوونه‌وه‌ی دواتری هه‌رسێ وڵات له رووسیا ئه‌نجام بدرێت.
سه‌ركۆماری ئێران، حه‌سه‌ن روحانی له‌باره‌ی ره‌وشی سووریاوه گوتی: "سووریا به‌لای ئێمه‌وه گرنگه. پێویسته ته‌نها خه‌ڵكی سووریا چاره‌نووسی وڵاته‌كه‌یان دیاری بكه‌ن. ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك رێز له یه‌كپارچه‌یی خاكی سووریا بگرێت و له‌مباره‌یه‌وه هه‌ردوو وڵات (توركیا و ئێران) به ته‌واوی هاوڕاین. له پێناو هێنانه‌دی سه‌قامگیری و ئاشتی له ناوچه‌كه به‌رده‌وام ده‌بین له هه‌ماهه‌نگی (نێوانمان)".
حه‌سه‌ن روحانی باسی له‌وه‌ش كرد كه پێكه‌وه بڕیاریان له‌وه داوه هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه‌گه‌ڕ بۆ هێنانه‌دی ئاشتی و سه‌قامگیری له یه‌مه‌ن له‌و ره‌وشه دژوار و سه‌خته‌ی گه‌لی یه‌مه‌ن به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێت و گوتی: "با هاوكاربین بۆ ئه‌وه‌ی یه‌مه‌نییه‌كان گفتوگۆ بكه‌ن و هه‌ردوو وڵات بۆ گه‌یاندنی هاوكاری مرۆیی به یه‌مه‌نییه‌كان راوێژ به‌یه‌كتر بكه‌ین".
روحانی هیوای خواست شه‌شه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی هه‌ماهه‌نگی ئاست به‌رز ساڵی داهاتوو له تاران ئه‌نجام بدرێت.