Dilşad Seyfeddin Ahmed
20 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 22 تشرینی دووەم 2015
لە رێوڕەسمی كردنەوەی سایتەكەدا كە لە هۆڵی تایتانیك لە شاری سلێمانی بەڕێوە چوو، جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قوباد تاڵەبانی و پارێزگاری سلێمانی ئاسۆ فەرەیدون و ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسانی حكوومی شارەكە ئامادەی بوون.
پارێزگاری سلێمانی ئاسۆ فەرەیدون لە گوتەیەكدا باسی لە گرنگی پڕۆژەكە بۆ شارەكەی كرد و گوتی: "پێدانی زانیاری بێ سنوورە و زانیاری زۆری تێدایە و ئەم سایتەش بایەخی گەورەی بۆ شاری سلێمانی دەبێت و ئەو زانیارییانەش بەرچاو روونی زیاترمان دەداتێ لە كاروبارەكانی رۆژانەدا، بەڵام پێویستە داتاكان زۆر وردبن".
ئاسۆ فەرەیدون گوتی: "ئێستا لە قۆناغێكداین كە چۆن زانیارییەكان بەرهەم بكەین و كۆی بكەینەوە، ئەم پرۆژەیەش یەكەم هەنگاوی بەرهەمكردنی زانیارییەكانە".
سەرپەرشتیاری گشتی پرۆژەكە یاسین مەحموود گوتی: "پرۆژەكە لە هەرێمی كوردستان كارێكی نوێیە، بەڵام لە جیهاندا گەورەترین خزمەتی كردووە بە دانیشتووانی ئەو وڵاتانە".
گوتیشی: "ئامانجمان لەم پڕۆژەیە ئەوەیە بیكەینە شاری زیرەك و رێكخراو و دەزگاكانی حكوومەت و فەرمانگە و گشت لایەنەكان ئەگەر زانیارییەكیان بڵاوكردەوە، پێویستە ئەم ئۆپن داتایە زانیارییەكانیان بۆیان پشت ڕاست بكاتەوە".
ئاماژەی بەوەش كرد، ئۆپن داتاكە هەموو زانیارییەكی لەسەر بوارەكانی شارەكە هەیە و لەلایەن ستافێكی شارەزا و تیمێكی گەورەوە بەردەوام نوێ دەكرێنەوە.
سوودەكانی ئەو سایتە: " كۆكردنەوەی داتا لە یەك وێبسایتدا، پۆلێنكردنی داتا، دابینكردنی داتا بۆ هەموو هاووڵاتییان، گەڕان بە دوای داتا و هەموو زانیارییەكان بە كەمترین ماوە".
وێبسایتەكە لەلایەن جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قوباد تاڵەبانی یەكەم كلیكی كردنەوەی لەسەر كرا و بەهەر سێ زمانی ( كوردی، عەرەبی، ئینگلیزی ) داتا و زانیارییەكان بڵاو دەكاتەوە.