Mazın Asad
16 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2017
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا(پنتاگۆن)، دانا وایت لەبارەی رێککەوتنی نێوان پەیەدە/پەکەکە و داعش رایگەیاند: "لەبارەی گشت ئەمانە لە ھاندانی لایەنەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بەردەوام دەبین. ئێمە لە کارکردن لەگەڵ ھێزەکانی سووریای دیموکرات(پەکەکە/پەیەدە) بەردەوام دەبین، چونکە خاڵی چڕبوونەوەمان لەوێ سەرکەوتنە بەسەر داعش".
دانا وایت و گوتەبێژی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، جەنەراڵ کینیز مانزی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ساز کرد.
لە وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کە "وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیەندراوێکدا دڵگرانی لەبارەی روونکردنەوەی گوتەبێژی پنتاگۆن و ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا لەمەڕ رێککەوتنی نێوان پەیەدە/پەکەکە و داعش لە رەققە دەربڕیوە کە گوتراوە ‘بەڕێزەوە پێشوازی لێدەکەین’. لەوبارەیەوە بیروڕاتان چییە؟" دانا وایت گوتی: "لەبارەی گشت ئەمانە لە ھاندانی لایەنەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی بەردەوام دەبین. ئێمە لە کارکردن لەگەڵ ھێزەکانی سووریای دیموکرات(پەکەکە/پەیەدە) بەردەوام دەبین، چونکە خاڵی چڕبوونەوەمان لەوێ سەرکەوتنە بەسەر داعش".
وایت خۆی لە وەڵامی ئەو پرسیارە بوراند کە ئاخۆ وەزیری بەرگری ئەمریکا، جەیمس ماتیس ئاگاداری ئەو رێککەوتنەیە یاخود نا.
وێرای ئەوەی دانا وایت دەڵێت ئامانجی ئەمریکا لە سووریا بەرەنگاربوونەوەی داعشە، بەڵام خۆی لە وەڵامی ئەو پرسیارە بوراند کە ئایا دوای داعش ئامانجی ئەمریکا لەو وڵاتە چییە.
لە لایەکی دیکەوە گوتەبێژی سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای ئەمریکا، جەنەراڵ کینیز مانزی لەبارەی ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە چەند وڵاتێک، رایگەیاند لە ئەفغانستان ١٤ ھەزار سەرباز، لە عێراق ٥ ھەزار و ٢٦٢ سەرباز و لە سووریاش ٥٠٠ سەربازی ئەمریکی ھەیە.
کینیز مانزی راشیگەیاند ئەو ژمارەیە ژمارەیەکی فەرمییە و ئەو کەسانەی بۆ ماوەیەکی کاتی ئەرکیان پێ رادەسپێردرێت داخیلی ئەو ژمارەیە نەکراوە.