Dlshad Saifaalddin Ahmed
19 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 20 تشرینی دووەم 2016
ئەو شوێنەی مامۆستایانی شاری سلێمانی خۆپیشاندان و گردبوونەوەی ناڕەزاییان تیایدا ئەنجام دەدەن دەكەوێتە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی رۆژئاوای سلێمانی لە سەر شەقامی سەرەكی سالم كە دەروازەی هاتنە ناوەوەی شاری سلێمانییە ، بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش دەكەوێتە تەنیشت بینای پەروەردە و نزیك شوێنی خۆپیشاندانەكانەوە.بۆیە رۆژانە و لەكاتی خۆپیشاندانەكاندا هێزە ئەمنییەكان و پاسەوانانی ئەو بارەگایە دەخرێنە حاڵەتی ئامادەباشییەوە و رێوشوێنی ئەمنی پێویست دەگرنە بەر، لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆدا جیاواز لە رۆژانی رابردوو بەهۆی پێشبینی كردنی ئامادەبوونی ژمارەیەكی زیاتری چین و توێژە جیاجیاكان و مەترسی بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندان و كەوتنەوەی توندوتیژی، ژمارەیەكی زۆری هێزە ئەمنییەكان بە پۆشاكی رەسمی و مەدەنییەوە لە شوێنی خۆپیشاندانەكە ئامادەییان هەبوو.
لە خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆدا جگە لە مامۆستایانی ناڕازی كە ژمارەیان هەزاران مامۆستا دەبوو، ژمارەیەكی زۆرتری چین و توێژە جیاوازەكان لە گەورە و بچووك ئامادەبون، وەك بەشێك لە خۆپیشاندەرانیش ئاماژەیان بۆ كرد ئامادەبوونی ئەوان وەك وەڵامدانەوەیە بەرامبەر گوتارەكەی هەفتەی رابردوی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی كە لەسەر خۆپیشاندانەكانی سلێمانی لە باشیك پێشكەشكی كردبوو.
مۆڵەتی رەسمی وەرگیراو بۆ خۆپیشاندانەكە لە کاتژمێر 9 تا 11 ی پێش نیوەرۆ بوو، تا ئەو كاتەش خۆپیشاندان بە دروشم و گوتار بە ئاسایی بەڕێوەدەچوو، لەكاتی دیاری كراوی خۆیدا مامۆستایان و دەستەی سەرپەرشتیاری خۆپیشاندانەكە كۆتاییان بە چالاكییەكانیان هێنا كە زۆربەی خۆی لە دابینكردنی مووچە و وەڵامدانەوەی داواكارییەكانیان بوو لەلایەن حكوومەتەوە و داوایان لە تەواوی خۆپیشاندەران كرد كۆتایی بە خۆپیشاندان بهێنن و بگەڕێنەوە سەر كاری خۆیان.
بەڵام بەشێك لەو كەسانەی كە هاتبوونە نێو خۆپیشاندانەكەوە و مامۆستا نەبوون و زۆربەیان گەنج بوون رەتیان كردەوە كۆتایی بە خۆپیشاندان بهێنن و بەرەو بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی بە هوتاف كێشانی دژ بە حكوومەت و حزبەكان رۆیشتن، لە بەرامبەردا لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رووبەڕوویان بوونەوە و رێگریان كرد لە پێشڕەوی كردنی ئەو كەسانە، دوای سووربوونی ئەوان بە رۆیشتن بەرەو ئەو بارەگایە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە رووبەڕوویان بوونەوە و بەشێكیان دەستگیركران.
لەئێستاشدا ژمارەیەكی زیاتری هێزی ئەمنی هێنراونەتە شوێنی خۆپیشاندانەكە و لە هەوڵی بڵاوەپێكردنی تەواوی ئەو كەسانەن كە تائێستا لە نزیك بارەگاكەی یەكێتی نیشتمانی کوردستان ماونەتەوە، هەروەها دەست بەسەر كامێرای ئەو كەناڵانەی راگەیاندندا گیرا كە سەرقاڵی روماڵكردنی گرژی و ئاڵۆزی نێوان هێزە ئەمنییەكان و خۆپیشاندەران بوون.
بڕیارە سبەی خۆپیشاندانی مامۆستایان بگوازرێتەوە بۆ بەردەم كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی كە دەكەوێتە سەر ڕێگای سەرەكی سلێمانی - كەركووك و نزیكە لە بارەگای ئەنجوومەنی سەركردایەتی سلێمانی پارتی دیموكراتی كوردستان.
ئەندامێكی دەستەی سەرپەرشتیاری مامۆستایانی ناڕازی، سادق هەڵەدنی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند:" ئەمڕۆ جەختمان لەوە كردەوە كە خەباتێكی مەدەنی و سپی مامۆستایان و چین و توێژە جیاجیاكانە و خۆشحاڵ بووین بەوەی پشتیوانی هەموو چینەكانمان هەیە و دەیسەلمێنین كە خەباتێكی مەدەنیمان هەیە و دوورە لەهەر ئەجێندایەكی حزبی، داواكاری ئێمە بۆ داواكاری مووچە و دژایەتیكردنی سیستمی پاشەكەوتی مووچەیە".
بەهار مەحمود وەك نوێنەری مامۆستا و توێژەر و فەرمانبەرانی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی ئامادەی خۆپیشاندانەكە بوو، ئەو بە ئانادۆڵوی راگەیاند:" پشتیوانی داواكاری مامۆستایان دەكەین و كۆبووینەتەوە بۆ داواكاری مافەكانمان، تا ئەو كاتەی ئەو مافانە بەدەست نەهێنین بەردەوام دەبین لە بایكۆت".
لە خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆدا ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی كوردستان لە فراكسیۆنە جیاوازەكان ئامادەبوون، پەرلەمانتاری لیستی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، گەشە دارا لەبارەی خۆپیشاندانەكەوە گوتی:" ناڕەزایی و خۆپیشاندانی خەڵك دژی شێوازی بەڕێوەبردنی خەڵك كە شێوازێكە لە كۆكردنەوەی داهات و بەكارهێنانەوە بەشێوەیەكی ناشەفافە، پێویستە بەو ئاراستەیە بگۆڕدرێت كە ئەم حكوومەتە سەركەوتوو نەبووە و بەدیل ئەوەیە حكوومەتێكی نوێ دابمەزرێت".
گەشە دارا هەروەها گوتی: "داخوازی خەڵك زۆر نییە و ئەوەی ئەوان داوای دەكەن تەنها مافەكانی خۆیانە كە دابینكردنی مووچەكانیانە، بێمنەت بوون هێندەی تر شەقام و خەڵك توڕە دەكات و هیچ دەسەڵاتێك ئەوەی بۆ ناچێتەسەر".
هەرچەندە تائێستا دوو مانگ تێپەڕبووە بەسەر وادەی فەرمی كردنەوەی دەرگای خوێندنگەكان و دەستپێكردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی كوردستان، بەڵام لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و راپەڕین تائێستا پڕۆسەی خوێندن دەستی پێنەكردووەتەوە و مامۆستایان بەردەوامن لە خۆپیشاندان بۆ داواكاری باشكردنی مووچە و نەمانی سیستەمی پاشەکەوت.