Dlshad Saifaalddin Ahmed
26 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 29 تشرینی دووەم 2016
سلێمانی - AA
گردبوونەوەكە لە سەكۆی ئازادی پاركی ئازادی شاری سلێمانی لەلایەن مەڵبەندی سلێمانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستانەوە سازكرابوو، تێیدا جگە لە بەرپرس و كادرانی ئەو حزبە ژمارەیەكی زۆری مامۆستایانی ئاینی و پەرلەمانتاران و هاووڵاتیان و چین و توێژە جیاجیاكان و نوێنەری لایەنە سیاسییەكان ئامادەی بوون.
مامۆستا هۆشیار ئیسماعیل پێش نوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی عومەر بندیان لە شاری هەولێر و كادرێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بوو، شەوی سێشەممەی رابردوو لەلایەن كەسانێكی نەناسراوەوە لە بەردەم ماڵەكەی خۆیدا لە شاری هەولێر تیرۆر كرا.
تیرۆركردنی ئەو مامۆستا ئاینییە كاردانەوە و ناڕەزایی بەرفراوانی لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و لایەنە ئەمنییەكانیش سەرقاڵی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو كردەوەیە.
لە گردبونەوەكەی سلێمانیدا بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، عوسمان كاروانی گوتەیەكی پێشكەش كرد و گوتی: "پرسی دژایەتی تیرۆر و ناحەقی و ستەم خەمی هەمووانە و بەرگری لە ژیان و مافی هەمووان ئەركی دەسەڵاتە، ئێمە لە یەكگرتووی ئیسلامی و لەم بۆنەیەدا جارێكی دیکە دژایەتی خۆمان بۆ بیری توندوتیژی و تیرۆر و تیرۆریستان و سەرجەم كارە تیرۆریستییەكان دەكەین".
بەرپرسەكەی یەكگرتوو گوتیشی: "دروشممان هەمیشە ئەوە دەبێت تیرۆر زۆر لەوە بچووكترە بمان ترسێنێت لەوەی بەرژەوەندی میلەتەكەمانی تێدایە، كەسانێك كە دروشمی ئازادی و چاكسازی و دادپەروەرییان هەڵگرتبێت نابێت هیچ چاوسووركردنەوە و تیرۆرێك ساردیان بكاتەوە و هەر باجێكیش لەو پێناوەدا بیدەین بە شانازی دەزانین".
ئەو ئاماژەی بەوەش كرد، حزبەكەی بەردەوام كاری كردووە لەسەر دژایەتیكردنی تیرۆر و كاری توندڕەوی و لەو پێناوەشدا قوربانی داوە، جەختی لەسەر ئەوەش كردەوە كە پێویستە رێگا نەدەن تیرۆر ببێتە كولتور.
لەلای خۆیەوە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق، موسەنا ئەمین بەناوی سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە گوتارێكی پێشكەش كرد و گوتی:" پێمان وایە جەستەی شەهید لەم كردەوەیەدا ئامانج نەبووە و ئامانج كپكردنی دەنگ و لاوازكردنی پەیامی ئەم شەهیدە و پەیامی ئیسلامی و میانڕەوی بووە".
ئەو باسی لەوە كرد، تیرۆركردنی و دەستدرێژی بۆسەر مامۆستایەكی ئاینی دەستدرێژی بووە بۆ سەر سەرجەم مامۆستایانی ئاینی و مزگەوتەكان و سوكایەتی بە بەهاكانی مافی مرۆڤ كراوە و پێویستە پێكەوە فشار بكەن تاكو هێزە ئەمنییەكان ئەو دەستە رەشە ئاشكرا بكەن و بە سزای خۆیانی بگەیەنن.