jamal sargaty
13 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2016
سلێمانی
باڵیۆزی یەكێتی ئەورووپا لە عێراق پاتریك سیمۆنیت سەردانی شاری هەڵەبجەی كرد و مۆنۆمێنتی یادگاری شەهیدان و مەزاری شەهیدانی شارەكەی بەسەركردەووە و تاجە گوڵینەی لەسەر مەزاری شەهیدان دانا.
دواتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا پاتریك سیمۆنیت رایگەیاند: "ئەوە یەكەم سەردانمە بۆ شاری شەهیدان شاری هەڵەبجە ئەنجامی دەدەم و بە پێویستم زانی یەكەم شوێن سەردانی بكەم لە كوردستان شاری هەڵەبجە بێت و مۆنۆمێنتی هەڵەبجەم بەسەر كردەوە".
ئەو گوتیشی "رۆڵی ئێمە وەك نوێنەری یەكێتیی ئەورووپا ئەوەیەكە پەیوەندییەكی دیبلۆماسی هەبێت لە نێوان عێراق و یەكێتیی ئەورووپا و ئەوەش بۆ ئێمە گرنگە كە لە كلتوور و مێژووی یەكتر بزانین و تێ بگەین ،ئاشكرایە كە ئەورووپا حەزیان لە مێژووە و حەزیشیان لە كلتووری ووڵاتانە، بۆیە ئێمەش سەردانی هەرێمی كوردستانمان كرد".
پاتریك ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: " شاری هەڵەبجە ئەوە نیشانی خەڵك دەدات كە ئیرادەی خەڵك چەند بەرزە بۆ دووبارە دروست كردنەوەی ژیان لەم شوێنە خاپور كراوەدا، هەموو كەسیش دەزانێت هەڵەبجە لە 16/3/1988 لەلایەن حكوومەتی ئەو كاتەوە كیمیاباران كراوە كە ئەوەش تاوانێك بوو دژی مرۆڤایەتی، بەڵام لەئێستادا هەڵەبجە خەڵكەكەی ژیانی تێدا دەگوزەرێنن و ژیان بەرێ دەكەن كە ئەمەش جێگای دڵ خۆشییە".
لەبارەی هێزی پێشمەرگە و رووانینەكانی یەكێتیی ئەورووپا بۆ ئەو هێزە پاتریك سیمۆنیت گوتی: "هێزی پێشمەرگە سیمبولی ئازایەتی و تێكۆشانە كە رووبەڕووی ئەو چەكدارانە دەبنەوە، ئەوەش قارەمانێتی خەڵكی كورد و كوردستان دەردەخات، ئێمەش وەك یەكێتیی ئەورووپا هاوكاری پێشمەرگە دەكەین كە پێشمەرگە نەك پارێزگاری لە كوردستان دەكەن بەڵكو پارێزگاری لە ئێمەش دەكەن، خەڵكی ئەورووپاش لە دڵیانەوە هاوكاری پێشمەرگە دەكەن و بەدڵیش لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدان ".
لەبارەی رەوشی ئێستای عێراق و پەرلەمانی ئەم ولاتە، باڵیۆزەكەی یەكێتیی ئەورووپا لە عێراق رایگەیاند: " لەگەڵ دروست بوونی ئەو ئاڵۆزییەدا ئێمە چاودێریمان كردووە و بەیاننامەشمان بڵاوكردووەتەوە و لەگەڵ چاكسازییەكانی عەبادی و سەرۆكی پەرلەمانداین، كاریشمان كردووە بۆ ئەوەی رێگایەكی ئاشتییانە بدۆزرێنەوە بۆ ئەوەی ئەم ئاڵۆزییە چارەسەر بكرێت و هەوڵیش دەدەین لایەنەكانی عێراق لە یەكتر نزیك بكەینەوە ".
پاتریك سیمۆنیت داوای لەئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد بە فراكسیۆنە كوردییەكانیشەوە كە بگەرێنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان و بەشێوەیەكی بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و هەوڵ بدەن بگەنە چارەسەرێك بۆ ئەم دۆخە.