سلێمانی
لەگەڵ نزیک بونەوەی وادەی ھەڵبژاردن کێبڕکێی نێوان لایەنە سیاسییەکانی بەشداری پرۆسەکە گەرموگوڕتر دەبێ و جەماوەرەکەشییان زیاتر دەچنە سەر شەقامەکان .
شاری سلێمانی تایبەتمەندی خۆی ھەیەو لەھەڵبژاردنەکاندا ھەڵمەتێکی گەرموگوڕتر بەخۆیەوە دەبینێ، بەھۆی قەرەباڵخی و کێبەرکێی توندی بانگەشەکاران، ناوبەناو شەڕو نائارامی لەو شارە دروست دەبێ.
شەقامی (سەھۆڵەکە) کەمەیدانێکی سەرەکی ھەڵمەتەکانی بانگەشەیەو لایەنەکان بەگشتی و بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەتایبەتی ململانێیەکی توند دەکەن بۆ نیشاندانی نفوزی خۆیان، دوێنێ شەو جارێکی تر نائارامی بەخۆوە بینی و کەسێک بوو.
پەیامنێری AA لەکاتی ڕوداوەکەدا ئامادەبوو دەڵێ لەدوای ئاڵۆزییەکانی شەوی پێشتر کە ھەشت کەسی تێدا برینداربوون، دوێنێ ژمارەیەکی زۆری ھێزە ئەمنییەکان لەسەر شەقام خرابوونە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، بەڵام بەھۆی تەقەکردن لەلایەن بانگەشەکارێکەوە کەسێکی دیکە لەترسی تەقەکان ڕای کردبوو کەوت و برینداربوو، دواتر تەقەکەرەکە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.
لەڕوداوێکی تری ھەمان شەقامدا بەھۆی خێرای لێخوڕینی ئۆتۆمبیلێکەوەو لەدەستدانی کۆنترۆڵی خۆی، خۆی کێشا بە پۆلیسێکی ھاتوچۆدا لەسەر شەقامەکەو برینداری کردووە.
لەشەقامی تووی مەلیکیش ھاووڵاتییەک لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیەوە تەقەی کردو ھاووڵاتیەک بەو ھۆیەوە برینداربوو.
ڕۆژی پێنجشەممە وەزارەتی ناوخۆی ھەرێم چەند بڕیارێکی دەرکرد، لەوانەش"ڕێگرتن لەدیاردەی چەکداریی لەکاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردن و سزادانی سەرپێچی کاران، پابەندبوونی ھەموو لایەک بەیاسا و رێنماییەکانی ھاتوچۆ لەکاتی بانگەشەدا.
وەزارەتی ناوخۆ بڕیاریشیدا بانگەشەی ھەڵبژاردن رۆژانە تاک سەعات ١٢ی شەو لەسەر شەقام و کۆڵان و ناوشارەکان ئەنجام بدرێت. بەپێچەوانەوە سەرپێچیکاران رێککاری یاساییان بەرامبەر وەردەگیرێت.
لەلای خۆیەوە عیماد ئەحمەد جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لەلێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند لێکۆڵینەوە لەو ڕوداوانە دەکەن و لەھیچ کەس و لایەنێکی قبوڵ ناکەن تەجاوزی یاسا بکات.
ھەڵمەتی بانگەشەی ھەڵبژاردن لە٢٨-٨-٢٠١٣ دەستیپێکردو ٤٨ کاتژمێر پێش پرۆسەی ھەڵبژاردن کۆتایی دێت، کەبڕیارە لە ٢١ی ئەم مانگەدا ئەنجام بدرێت.