Haydar Hadi,Mazın Asad
16 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 17 کانوونی دووەم 2018
بەغدا - AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی رایگەیاند ھەڵبژاردنەکان دواناخرێت کە وا بڕیارە لە مانگی ئایاری ئەمساڵ بەڕێوە بچێت و ئاماژەی بەوەش دا کە دانوستانیان نەکردووە لەسەر ئەوەی لە قۆناغی داھاتوودا کێ ببێتە سەرۆکوەزیران.
عەبادی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی ھەفتانەی لە بەغدا رایگەیاند: "ھەڵبژاردنەکان ھەرگیز دواناخرێت و لە وادەی خۆیدا ئەنجام دەدرێت. پرسی رێککەوتن لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە ھەڵبژاردنەکاندا جێگەی باسە، بەڵام تاوەکو ئێستا ھیچ دانوستانێک لەسەر ئەوە نەکراوە کە ئاخۆ لە قۆناغی داھاتوودا کێ ببێت بە سەرۆکوەزیران".
سەرۆکوەزیرانی عێراق دووپاتی کردەوە کە حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی دیکە بەشداری لە ھەڵبژاردنەکان ناکەن و گوتیشی: "ھەوڵی زەمینەیەک بۆ سیاسەت دەدەین کە لە سەرووی مەزھەبەکان بێت و دوور بێت لە پەرتەوازەیی. ھاوکات ھەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی بڕیار و ئیرادەی دەوڵەتی عێراق پەیوەیست نەبێت بە ھیچ وڵاتێک".
-دانوستانەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان
سەرۆکوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی روونیشی کردەوە کە دانوستاندن لەبارەی پرسی کۆنترۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان و ھەروەھا ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان درێژەی ھەیە و گوتیشی: "ھەوڵی چارەسەرکردنی ئەم پرسانە دەدەین. ھەماھەنگییەک لە لایەن ھەرێمی کوردستانەوە ھەیە. لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران جددین".