Sarmand Hameed
15 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 16 ئادار 2021
هەولێر - AA
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی رایگەیاند: "پێویستە ئەو یاسایانە ھەموار بکرێنەوە کە لەمپەر درووستدەکەن لەبەردەم جێبەجێکردنی کاروبارەکانی کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت بەشێوەیەکی گشتی".
ماڵپەڕی فەرمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، قوباد تاڵەبانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەی پرۆسەی نوێی تۆماری کۆمپانیاکانی کردووه کە لەرێگەی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە ئەنجامدرا.
لە راگەیهندراوێكدا ئاماژە بەوە دراوە کە لەکۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی ھەنگاوەکانی پرۆسەی نوێی تۆماری کۆمپانیاکان کراوه و ھەڵسەنگاندن بۆ راسپاردەکانی کۆبوونەوەکانی پێشوو کراوه.
جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی کردووەتەوە کە ئامانج لە رێکخستنەوەی تۆماری کۆمپانیاکان ھەنگاوێکە بۆ باشتر خزمەتکردن و بەھێزکردنی کەرتی تایبەت و ئاسانکارییکردن بۆیان لەپێناو راییکردنی کاروبارەکانیان لە دامودەزگاکانی حکوومەتدا.
قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکردووە، بەھێزکردنی کەرتی تایبەت دەبێتە ھۆکار و یارمەتیدەرێک بۆ پتەوکردنی ژێرخانی ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆیە وەکو حکوومەت کار دەکەن بۆ بەھێزکردنی کەرتی تایبەت.
راشیگەیاندووه: "پێویستە ئەو یاسایانە ھەمواربکرێنەوە کە لەمپەر درووستدەکەن لەبەردەم جێبەجێکردنی کاروبارەکانی کۆمپانیاکان و کەرتی تایبەت بەشێوەیەکی گشتی، ھەروەھا جەختی لەسەر بە ئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان کردەوە".