Dlshad Saifaalddin Ahmed
06 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2017
سلێمانی - AA
كۆبوونەوەكە لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی ئەنجامدرا. لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان ئەمینداری گشتی ئەو حزبە سەڵاحەددین محەمەد بەهائەددین و ئەندامێتی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ولە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی حزبەكە، مەلا بەختیار و ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بەشدار بوون.
دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی، سەعدی ئەحمەد پیرە رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا باسیان لە بەشی زۆری كێشە و گرفتەكانی ناوخۆ و عێراق و دەورووبەر كردووە.
سەعدی پیرە گوتی: "لەو بابەتانەی باسمان كرد، بەرەو كۆتایی چوونی شەڕی داعش و ئەنجامەكانی و چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ پاش داعش، هەروەها داڕشتنەوە و رێكخستنەوەی ناوچەكە و پشكی كورد چۆن بێت كە دەبێت ئاگاداری ئەوە بین، لەو ماوەیەدا كۆبوونەوەی چڕوپڕ بكرێت بۆ باس و خواسی ئەو بابەتە و خۆ ئامادەكردنمان".
سەعدی پیرە گوتی: "بابەتی دووەم كە زۆر بە چڕی باسمان كرد بابەتی بژێوی خەڵك و ئەو كێشانەیە كە رۆژانە رووبەڕووی خەڵك دەبێتەوە بە تایبەتی كێشەی مووچە كە پێویستە چاوی پێدا بخشێنرێتەوە مادام دۆخی دارایی بەرەو باش بوون دەچێت و هەوڵ بدەین لەگەڵ حكوومەت لەو بارەیەوە قسە بكەین".
تەوەرەی سەرەكی كۆبوونەوەكەی هەردوولا وەك پیرە باسی كرد پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانە، ئەو لەو بارەیەوە هەڵوێستی هەردوولای روونكردەوە و گوتی: "بابەتی ریفراندۆم و ریفراندۆمێكی سەركەوتوو كە هەموو لایەك نەتوانێت تەعنی لێبدات و هەموولایەك بتوانن پشتیوانی بكەن لە رووی یاساییەوە هیچ كێشەیەكمان نییە لەگەڵ ریفراندۆم و یەكێكە لەو دەروازە یاساییانە كە لەوێوە داخڵی گفتوگۆی پاشەڕۆژ و مافی چارەی خۆنووسین و دروستكردنی دەوڵەتی سەربەخۆ دەبین، بەڵام لە رووی سیاسییەوە ئێمە تەنها نین لەم ناوچەیەدا و دراوسێ و وڵاتانی دەرەوە و بەرژەوەندی جیاجیا هەیە".
بەرپرسەكەی یەكێتی هەروەها گوتی: "بۆ بابەتی ریفراندۆم سێ شت زۆر گرنكە كە پێویستە لەگەڵ ریفراندۆم باس بكرێت.
یەكەم ، بە داخەوە كە باس لە سیستمی پەرلەمانی دەكەین بەڵام پەرلەمانێكی داخراومان هەیە و لە كۆبوونەوەی پێشووی خۆمان جەختمان لەسەر كاراكردنەوەی پەرلەمان كردۆتەوە، پێمان وایە ریفراندۆم بە بوونی پەرلەمان و سەقفێكی یاسایی بەهێزتر دەبێت لەوەی ریفراندۆم بە بڕیارێكی كارگێری تر بدرێت.
دووەم، بابەتی چاكکردنی مووچەی خەڵكە بە ئەندازەی بارودۆخی ئابووری بەرەو پێشەوە چووە.
سێیەم، بەهەند وەرگرتنی رای گشتی و بەهەندوەرگرتنی رای وڵاتانی دراوسێ، چونكە لەگەڵ ئەو وڵاتانە سنووری هاوبەشمان هەیە و پێویستە بە زوویی دەستەی جیا ئامادە بكرێت و بنێرێت بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و وڵاتانی دراوسێ و دنیا و بۆیان روون بكرێتەوە كە بابەتی ریفراندۆم بۆ گفتوگۆكردنە لەسەرچارەنووس و پاشەڕۆژی میلەتەكە ، هەروەها ئێمە ئەم ریفراندۆمە ئەنجامەكەی دیارە چۆن دەبێت بەڵام ئەنجامەكەی و جێبەجێكردنی پێمان وایە بژاردەی شەڕ و هێز بژاردەی ئێمە نییە و نامانەوێت بەهێز و شەڕ ئەنجامەكەی جێبەجێ بكەین، بەڵكو دەمانەوێت لە رێگەی دیالۆگ و گفتوگۆوە ئەنجامەكەی جێبەجێ بكەین".
لە لای خۆیەوە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەشدار لە كۆبونەوەكە، عومەر محەمەد گوتی: "كۆبوونەوەیەكی باشمان ئەنجامدا و لە زۆربەی بابەتەكان لە یەكتر نزیك بووین، پێمان وایە دەبێت پێش كاتی ریفراندۆم وادەیەك بۆ باشكردنی بژێوی هاووڵاتییان دیاری بكرێت، چونكە خەڵك ناتوانێت بە گیرفانی بەتاڵ و بەو دۆخە ناهەموارەی تێیدا دەژین بچێت ئەو پرسە چارەنوسسازە سەر بخات".
ئەو گوتی: "هەردوولا باوەڕی تەواومان بە ریفراندۆم هەیە و لە رابردوودا رامان گەیاندووە نابێت بكرێتە بابەتێكی موزایەدە و بكرێتە لایەك و ناوچەیەك بیسەپێنێت بەسەر لایەكی تردا كە ئەوەش پەرچەكداری لێدروست دەبێت، هەروەها تا یەكڕیزی نیشتمانیمان نەبێت و لایەنە سیاسییەكان پێكەوە تەبانەبن بۆ ئەو پرسە گرنگە وڵاتانی دەورووبەر و جیهان پشتیوانمان نابن و هاووڵاتییانیش بە دڵی گەرمەوە بە دەمیەوە ناچن. هەروەها پێویستە ئەم پرسە نیشتمانییە گرنگە بنەما و بنچینەیەكی یاسایی هەبێت لە رێگەی پەرلەمانەوە، پێویستە پەرلەمان كارا بكەینەوە و لەسەر ئەو بابەتانە كۆبوونەوەی ترمان دەبێت".
بەرپرسەكەی یەكگرتوو گوتی: "بەبێ چارەسەركردنی ئەو كێشانە ئەو هەنگاوە و بڕیارەكەش سەركەوتوو نابێت".
بڕیارە لە 25ی ئەیلوولی ئەمساڵ گشتپرسی (ریفراندۆم) بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان لە شارەكان و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجامبدرێت.