Zana Natık Kerem
09 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2017
نەینەوا ــ AA
ئەفسەری فڕۆكەوان لە هێزی ئاسمانی عێراق، عەمید مستەفا رەعد عەباسی رایگەیاند بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەكانی جەنگی عێراق، ژمارەیەك لە شەقام و رێگە سەرەكییەكانی بەشی راستی مووسڵ وێران بوون، ئەوەش بەئامانجی پەكخستنی ئەو رێگەیانەی كە لێیانەوە داعش هێرش دەكاتە سەر هێزەكانی عێراق.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، مستەفا رەعد عەباسی گوتی: "بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، فڕۆكەكانی ئێف ١٦ی سوپای عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی، بە ٩ هێرشی ئاسمانی شەقام و رێگە سەرەكییەكانی بەشی راستی مووسڵیان بۆردومان كرد".
مستەفا رەعد عەباسی گوتیشی: "بەهۆی بۆردومانەكەوە، ئەو شەقام و رێگە سەرەكییانە وێران بوون كە گەڕەكەكانی، ١٧ی تەمووز و رفاعی بە گەڕەكەكانی نەجار، شیفا، دورە قاسم خەیات و فاروق لە بەشی راستی مووسڵ دەبستنەوە".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەشدا كە ئامانجی بۆردومانكردنەكە، پەكخستنی ئەو رێگەیانەیە كە داعش بە تۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو و خۆكوژ، لێیانەوە هێرش دەكاتە سەر هێزەكانی عێراق.
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە ئەو پلانە دەبێتە هۆی لەناوبردنی خێرایی رێكخراوی داعش لە گەڕەكە كۆنەكانی بەشی راستی مووسڵ و هەروەها زیانەكانی گیانی هێزەكانی ئەمنی و هاووڵاتییانی سڤیلیش كەم دەكاتەوە.