Hemin Hüseyin,Azat Muhammet
21 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2017
قایمقامى شارۆچکەى شنگال، مەحما خەلیل رایگەیاند "پێویستە حکوومەتى عێراق چیتر پاڵپشتى لە مانەوەى پەکەکە نەکات لە شنگال، چونکە ئێمە بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین شنگال ببێتە ناوەندى ململانێى نێوان وڵاتە هەرێمییەکانى ناوچەکە و ببێتە پێگەیەک بۆ بەرژەوەندى ئێران و سووریا، مانەوەى ئەو گرووپە بووەتە کێشە و سەر ئێشە بۆ حکوومەتى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى عێراق و هەموو هیز و وڵاتانی ناوچەکە".
قایمقامى شنگال، مەحما خەلیل لە چاوپێکەوتنێکى لەگەڵ ئاژانسى ئانادۆڵو باسى لە دوایین دۆخ و پێشهاتەکانى شارۆچکەى شنگال و کرد و گوتى: "دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارۆچکەى شنگال لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە بە سەرپەرشتى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە کۆتایی ساڵى ٢٠١٥ خەڵک هەموو دڵخۆشى ئەوەبوون کە ئیتر شنگال ئاوەدان دەکرێتەوە و تاوانەکانى شنگال بە جینۆساید دەناسێندرێن و گۆڕە بە کۆمەڵەکان هەڵدەدرێنەوە و لە هەموو روویەکەوە قەرەبووى کوردانى ئێزدى دەکرێتەوە، بەڵام بەداخەوە بەهۆى بوونى گرووپە نادەستوورییەکانى وەک پەکەکە و لقەکانى خەڵکی شنگالیش گەیشتنە ئەو باوەڕەى کە پەکەکە رێگرێکى سەرەکییە لەبەردەم هەموو بابەتەکانی پەیوەست بە ئاوەدانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکە، بۆیە داواکارن پەکەکە لە شنگال نەمێنێت".
لەبارەى نەگەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ شارۆچکەى شنگال، مەحما خەلیل دەڵێت: "ئەو خەڵکەى لە شنگال ئاوارەى ناوچە جیا جیاکان بوونە، ئاواتەخوازن بگەڕێنەوە بۆ شارۆچکەکە، بەڵام یەکێک لە بەربەستە هەرە سەرەکییەکانى بەردەم نەگەڕانەوەى ئاوارەکان بوونى پەکەکەیە بە سەرجەم لقەکانییەوە لە شنگال و سنوورەکە، خەڵک مەترسى لەسەر هەیە کە ئەو گرووپانە ناسەقامگیریان دروست کردووە، خەڵک چاوەڕێى ئەوە بوون لە رێگەى یاساوە سەقامگیرى بۆ شنگال دەستەبەر بکرێت، بەداخەوە یاساش رۆڵى خۆى نەبینی، یەکێکى دیکە لە هۆکارەکانى نەگەڕانەوەى ئاوارەکان بۆ شنگال بوونى چەکدارانى داعشە لە سنوورەکە کە ٢٠ لە سەدى خاکى شنگالیان تا ئێستا بەدەستەوەیە و، هەروەها نەبوونى خزمەتگوزارى بۆ شارۆچکەى شنگال ئاستەنگێکى ترە لە بەردەم نەگەڕانەوەى هاووڵاتییانى بۆ زێدى خۆیان".
دەشڵێت: "پێش داگیرکردنى شنگال لەلایەن داعشەوە لە ٣ى ئابى ٢٠١٤ زیاتر لە ٥٠ هەزار خێزان لە شنگال دەژیان، دواى ئاوارەبوون و پاشان کۆنتڕۆڵکردنەوەى شنگال لەلایەن پێشمەرگە کە ساڵێک بەسەر کۆنتڕۆڵکردنەوەى تێپەڕى تا ئێستا تەنها ٨ لە سەدى ئاوارەکانى شنگاڵ گەڕاونەتەوە شنگال کە نزیکەى ٨ هەزار خێزان دەبێت".
لەبارەى رۆڵى پەکەکە و لقەکانى لە شنگال ئاماژەى بەوەدا کە رۆڵى پەکەکە خراپە، چونکە ئەوان بەربەستن لە بەردەم ئاوەدانکردنەوەى شنگال و گەڕانەوەى ئاوارەکان، بوونى پەکەکە و لقەکانى وایکردووە دۆخى ناوچەکە ناجێگیر بێت، لە قۆناغەى ئێستا پەکەکە هیچ رۆڵێکى ئەوتۆى نییە کە لە بەرژەوەندی هەرێمى کوردستان بە گشتى و شنگال کوردانى ئێزدى بێت بە تایبەتى، بۆیە سەرجەم هاووڵاتییانى و کوردانى ئێزدى تایبەتتر بە ئاشکرا دەنگ هەڵدەبڕن کە بەهیچ شێوەیەک مانەوەى پەکەکە قبووڵ ناکەن، جگە لە خەڵک حکوومەتى خۆجێی شنگال و پارێزگاى نەینەوا و حکوومەتى هەرێمى کوردستان و باڵیۆزانى وڵاتە زڵهێزەکانى وەک ئەمریکا و ئەڵمانیا سوورن لەسەر دەرکردنى پەکەکە لە شنگال".
لەبارەى دروستکردنى هێزێکى هاوبەش لە نێوان هەرێمى کوردستان و عێراق بۆ پاراستنى شارۆچکەى شنگال، قایمقامى شنگال پێیوایە کە ئەو هێزە هاوبەشە لە دواى کۆنتڕۆڵکردنەوەى پارێزگاى نەینەوا بە تەواوەتى دروست دەکرێت، لەوبارەیەوە گوتی: "ئەو گرووپانەى لە کوردانى ئێزدى پێکهێنراون جا چ ئەوانەى لە رێزی پەکەکە بن یاخود ئەوانەى لە دەرەوەى پەکەکە بن، بەهیچ شێوەیەک مۆڵەتى دامەزراندنى نەبووە، دواى دەرچوونى پەکەکە لە شنگال پێویستە ئەو گرووپانە بە یاسایی بکرێن یان ئەوەتە خەباتی مەدەنى هەڵدەبژێرن، یان دەبێت مۆڵەت بۆ خۆیان بەدەست بێنن".
هەروەها گوتى: "تا ئێستا بەدواداچوونمان کردووە حکوومەتى عێراق لە پشت مانەوەى پەکەکەیە لە شنگال و بەهیچ شێوەیەک جددى نەبووە لە دەرکردنى پەکەکە لە شنگال، بە کردەیی هەنگاوى نەناوە بۆ وەدەرنانى پەکەکە لە شنگال بە پێچەوانەوە پاڵپشتى زیاتریان دەکات".
مەحما خەلیل هۆکارى حاڵەتەکانى کوشتن و رفاندنى هاووڵاتییان لە شارۆچکەى شنگال گەڕاندەوە بۆ بوونى پەکەکە و چەندین گرووپى دیکە و گوتی: "هەر ئەو گرووپانە بووەتە هۆى ئەوەى هیچ یاسایەک لە شنگال بوونى نەبێت، وەکو حکوومەتى هەرێمى کوردستان و ئیدارەى شنگال بەردەوامین لە لێکۆڵینەوە بۆ ئەوەى ئەنجامدەرانى تاوانەکانى کوشتن و رفاندن ئاشکرا بکەین".
باس لە هەوڵەکانى حەشدى شەعبى دەکات و دەڵێت: "حەشدى شەعبى لەسەرەتاوە هەوڵیاندا بۆ ئەوەى هێزەکانى خۆیان لە شنگال جێگیر بکەن، بەڵام رەتمان کردەوە کە حەشدى شەعبى بێنە شنگال، بە فەرماندە باڵاکانى حەشدى شەعبیمان راگەیاند کە شنگال پێویستى بە حەشدى شەعبى نییە و ئەگەر مەبەستتان شەڕى دژ بە داعشە زۆر شوێنى وەک تەلەعفەر، بەعاج و بلێج و دەیان ناوچەى دیکەن بۆ ئەوەى دژ بە داعش بجەنگن، بەڵام شنگال لەلایەن پێشمەرگە پارێزراوە لە پێشمەرگەیش زیاتر مانەوەى هیچ هێز و گرووپێک قبووڵ ناکەین".
قایمقامى شنگال گەشبین نییە بە دەرچوونى پەکەکە بە ئاشتیانە و پێیوایە بە ئاسانى ناوچەکە چۆڵ ناکەن و دەڵێت: "لە رووى کردەییەوە پەکەکە هەنگاوى کشانەوەى نەناوە و هەرچەند لەو باوەڕەدا نیم کە بەبێ بەکارهێنانى هێز پەکەکە شنگال چۆڵ بکات، بەڵام ئومێد دەکەین پەکەکە بەبێ خوێن رشتن و بەرپا کردنى جەنگ، بە ئاشتیانە لە شنگال دەربچێت، هەروەک چۆن پێشمەرگە لە کۆبانێ ئەرکى خۆى بە جێ گەیاند و دواى تەواوبوونى ئەرکى پێشمەرگایەتییان گەڕانەوە هەرێمى کوردستان، ئەوانیش پێویستە بەبێ نانەوەى هیچ کێشەیەک بگەڕێنەوە ئەو شوێنانەى لێیەوە هاتوون".
مەحما خەلیل رووى قسەکانى دەکاتە حکوومەتى عێراق و بە کەمتەرخەم ناوى دەبات و دەڵێت: "حکوومەتى عێراق لە رابردوو هاوکارى شنگالى نەکردووە و لە ئێستاشدا هیچ پڕۆژەیەکى بۆ شنگال نییە و رۆڵێکى زۆر لاوازى هەیە بۆ خزمەتکردنى شنگال و شنگالییەکان، تەنها لە رێگەى (سندوقى ئاوەدانکردنەوەى عێراق) بڕە پارە کەمى بۆ ئێمە تەرخانکردووە، ئەوەى جێگەى خۆشحاڵى ئێمەیە ئەوەیە کە حکوومەتى هەرێمى کوردستان بەردەوام هاوکار و یارمەتیدەرە لەگەڵ ئێمە و ماستەرپلانى ئاوەدانکردنەوەى شنگالى داڕشتووە".
لەبارەى پڕۆسەى خوێندن لە شارۆچکەى شنگال، قایمقامى شنگال مەحما خەلیل گوتى: "هەرچەند ئێمە ٢٥ قوتابخانەمان هەیە لە شنگال کە بە زمانى کوردى و زمانى عەرەبى خوێندنى تێدا دەکرێت، بەڵام پێداویستییەکانمان لەرادەبەدەر زۆرن، چونکە پێویستیمان بە مامۆستا، وانەبێژ، کتێب و نۆژەنکردنەوەى قوتابخانەکانە، یەک قوتابخانە هەیە کە لەلایەن پەکەکە کراوەتەوە ئەمەیش قوتابى و خەڵکى شارۆچکەکە بەڕێژەیەکى یەکجار کەم رووى تێ دەکەن".