Zana Natık Kerem
04 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2017
نەینەوا ــ AA
ئەفسەر لە سوپای عێراق، نەقیب جەبار حەسەن رایگەیاند بەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە، حەشدی شەعبی بە پشتیوانی فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای عێراق، قەزای بەعاج رۆژئاوای شاری مووسڵ كۆنتڕۆڵكردەوە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، جەبار حەسەن گوتی: "بەیانی ئەمڕۆ ٥٠٠ چەكداری حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر دەروازەی باشووری قەزای بەعاج و، بەر لە هێرشەكەكە فڕۆكە جەنگییەكانی عێراق، داعشیان لەناو قەزاكە بۆردومان كرد".
جەبار حەسەن گوتی: "لە میانی هێرشەكەدا، شەڕێكی توند كە دوو كاتژمێری خایاند لە نێوان حەشدی شەعبی و چەكدارانی داعشدا رووی دا".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەش دا كە دوای تێكشكاندنی داعش لە شەڕەكەدا و هەڵاتنیان بەرەو ناوچە سنوورییەكانی سووریا، حەشدی شەعبی قەزای بەعاجی بە تەواوی كۆنتڕۆڵكردەوە.
قەزای بەعاج دەكەوێتە رۆژئاوای شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا كە هاوسنوورە لەگەڵ سووریا.
ناوبراو باسی لەوەش كرد كە گرووپەكانی دیكەی حەشدی شەعبی هێرشیانكردە سەر گوند و بنكەی تەل سەفۆك كە هاوسنوورە لەگەڵ سووریا و داعش بۆ گواستنەوە و گەیانی پشتیوانی لە نێوان مووسڵ و سووریا بەكاری دەهێنا.
جەبار حەسەن گوتیشی: "لە ئێستادا شەڕ لە نێوان حەشدی شەعبی و داعش لە گوندەكە روودەدات".
هاوكات بە گوتەی ئەفسەر لە سوپای عێراق، ملازمی یەك نایف زوبێدی هەر ئەمڕۆ حەشدی شەعبی چوار گوندی دیكەی لە دەورووبەری قەزای بەعاج كۆنتڕۆڵكردەوە.
نایف زوبێدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "حەشدی شەعبی گوندەكانی، جابرییە، قەبر هاجەری باكوور، سەهریج و سەیحەت سەقەڕ رۆژئاوای قەزای بەعاج-یان كۆنتڕۆڵكردەوە".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەش دا كە لە میانی كۆنتڕۆڵكردنەوەی گوندەكان، داعش بە ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژكراو هێرشی كردە سەر حەشدی شەعبی كە بە هۆیەوە ژمارەیەك لە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی برینداربوون.