هه‌ولێر
ئه‌مڕۆ ژماره‌یه‌ك له‌ژنانی توركیا، کە له نێویاندا په‌رله‌مانتاری توركیا و سیاسی و چالاكوانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نیان تێدایه سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد و له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی كاروباری ژنان كۆبوونه‌وه.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری ژنان له‌په‌رله‌مانی كوردستان، ئێڤار ئیبراهیم رایگه‌یاند "ئامانج له هاتنی ژنانی باكوور كه پێكهاتوون، له په‌رله‌مانتار و چالاكوان و نوێنه‌ری لایه‌نه سیاسیه‌كان، بۆ ئه‌وه‌یه كه به‌رنامه‌یه‌ك دابڕ‌ێژین، سه‌باره‌ت به‌ڕه‌وشی ئه‌و ژنانه‌ی له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعش ده‌ست به‌سه‌ر و بهكۆیلهكراون".
گوتیشی: "به‌شێكی دیکەی ئامانجی سه‌ردانی ژنانی باكوور بۆ ئه‌وه‌یه كه به‌هه‌موولایه‌كمان، ده‌مانه‌وێ له ئاست چوار پارچه‌ی كوردستان، میكانزمێكی گونجاو دابڕ‌ێژین، بۆ ئه‌وه‌ی چۆن خزمه‌ت به پرسه‌كانی ژنان بكرێت".
له‌لای خۆیه‌وه، هاوسه‌رۆكی كهجهدە سه‌لما ئورمه بۆ ئاژانشی ئانادۆڵو رایگه‌یاند "ئامانج له سه‌ردانمان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، زیاتر له‌باره‌ی ره‌وشی ژنانی ئێزدی و مه‌سیحیه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین، ژنانی باكوور و باشوور و رۆژئاوا‌و و رۆژهه‌ڵات پێكه‌وه پلاتفۆڕمێك ببه‌ستین، به‌هه‌موولایه‌كمان په‌نجه بخه‌یه‌نه سه‌ر چۆنیه‌تی ره‌وشی ئه‌و ژنانه‌ی كه ئێستا له ژێر ده‌ستی چه‌ته‌كانی داعش دان ده‌نگی ئه‌وان بگه‌یه‌نین به‌دونیا".
سه‌لما گوتیشی: "به‌شێكی دیکەیكاری پلاتفۆڕمه‌كه له باره‌ی ره‌وشی ژنانی ئێزدییه له كه‌مپه‌كان و ئه‌و ژنانه‌ی كه له بارودۆخێكی دژوار‌دا ژیان ده‌گوزه‌رێنن".
چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی له عێراق و شام ناسراو به "داعش" له 3ی ئابی پارساڵ توانیان سنووری شنگال كۆنترۆڵ بكه‌ن، ژماره‌یه‌ك له ژنان و كچانی ئێزدی و مه‌سیحیان ده‌ست به‌سه‌ركرد هه‌رچه‌نده رێژه‌یه‌كی كه‌م له‌و ژنان ئازاد بوون، به‌ڵام زۆربه‌یان له‌لایه‌ن داعش ده‌ست به‌سه‌رن.